کێزا لەنێوان مانەوە بۆ لە لیڤەر و گەڕانەوە بۆ یوڤانتۆس

PM:02:57:14/01/2026

100 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فێدێریکۆ کێزا لە نێوان شکستی لایڤەرپوول و خەونی گەڕانەوە بۆ ئیتاڵیا و بەشداری لە مۆندیالدایە.

فێدێریکۆ کێزا، هێرشبەری  ئیتاڵی یەکێک لە ناخۆشترین قۆناغەکانی کاروانی وەرزشیی خۆی بەڕێ دەکات، لە دوای ئەوەی لە هاوینی 2024 بە شێوەیەکی کتوپڕ و ئازاربەخش لەلایەن تیاگۆ مۆتاوە لە ڕیزەکانی یۆڤانتۆس وەدەرنرا، پەیوەندی بە لایڤەرپوولەوە کرد، بەڵام لەوێش نەیتوانیوە متمانەی ئارنی سڵۆتی ڕاهێنەر بەدەستبهێنێت.

 تەنانەت لە نەبوونی محەمەد سەڵاحیشدا کە لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقایە، کێزا هەر بە یەدەگ ماوەتەوە و زۆربەی کات تەنها بۆ چەند خولەکێکی کەم بەشداری پێ دەکرێت.

ئامارەکان دەریدەخەن کێزا لەم وەرزەدا تەنها 529 خولەک یاریی کردووە، کە لە کۆی 21 یاری تەنها لە چوار  یارییاندا سەرەکی بووە، لوتکەی نیگەرانییەکانی کێزا لە یارییەکەی دووشەممەی ڕابردوو بەرامبەر بارنسلی لە جامی یەکێتی ئینگلتەرا دەرکەوت، کاتێک سڵۆت لە خولەکی 60دا گۆڕانکاری پێ کرد، ئەمەش وای کرد کێزا بە پێکەنینێکی گاڵتەجاڕانەوە بچێتەوە سەر کورسی یەدەگ.

ئێستا کێزا بڕیاری کۆتایی داوە کە لایڤەرپوول جێبهێڵێت و ئامادەیە مووچە شەش ملیۆن یۆرۆییەکەشی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ یۆڤانتۆس.

 هۆکاری سەرەکی ئەم دڵتەنگیەی ئەستێرەکە لەگەڵ رێدز نزیکبوونەوەی مۆندیالی هاوینەیە؛ کێزا دەیەوێت لەژێر چاودێری جێنارۆ گاتوزۆ، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بێت و بە بەردەوامی یاری بکات تا پێگەی خۆی لە ئازۆری لەدەست نەدات.