رەگراگی: ناوبژیوان هاوکاری مەغریبی نەکردووە

PM:08:28:13/01/2026

104 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رەگراگی دوپاتیکردەوە ناوبژیوان هاوکاری مەغریبی نەکردووە و باسی لە پێکانەکانی هەڵبژاردەکەشی کرد.

وەلید رەگراگی، راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب، پێش ڕووبەڕووبوونەوەی چارەنووسسازی بەرامبەر نەیجیریا لە نیوەی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2025، پەیامێکی توندی ئاراستەی رەخنەگران کرد و رایگەیاند کە شایستەیی لە ناو یاریگادا دەسەلمێنرێت نەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

رەگراگی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە هاوکاری ناوبژیوانان بۆ مەغریب دەکەن و ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکەوتنیان بەسەر کامیرۆن تەواو شایستە بووە، چونکە هەڵبژاردەیەک نەتوانێت یەک تۆپیش ئاڕاستەی گۆڵ بکات، ناکرێت باس لە ستەمی ناوبژیوان بکات.

راهێنەری شێرەکانی ئەتڵەس جەختی کردەوە کە ئامانجی ئەوان تەنها گەیشتن بەم قۆناغە نییە، بەڵکو دەیانەوێت مێژوو بنووسنەوە و نازناوەکە ببەنەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تیپەکەی لە قۆناغی تاقیکردنەوە دەرچووە و ئێستا لەوپەڕی ئامادەییدایە.

سەبارەت بە پێکانەکانیش، هەواڵێکی ناخۆشی بۆ هاندەرانی مەغریب پێ بوو، ئەویش دوورکەوتنەوەی یەکجاریی عەزەدین ئۆناحی بوو لە پاڵەوانێتییەکە بەهۆی پێکانەوە، لە هەمانکاتدا رایگەیاند، دۆخی رۆمان سایس بەرەو باشتربوون دەچێت و جگە لە ئۆناحی، تەواوی یاریزانەکانی تر ئامادەن بۆ جەنگە گەورەکەی بەرامبەر هەڵۆ سەوزەکانی نەیجیریا.