بڕیاری ریاڵ مەدرید لەسەر داهاتووی ئەڵۆنسۆ چییە؟

PM:03:13:12/01/2026

188 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ریاڵ مەدرید سەرەڕای شکستەکەی لە ئاستی ئەڵۆنسۆ رازییە و بڕیاری دوورخستنەوەی نادات.

هەرچەندە شکستی ریاڵ مەدرید لە یارییە کلاسیکۆکاندا بە ئاسانی تێناپەڕێت، بەڵام ئاستی مێرەنگی لە یاری کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا لە شاری جەدە، هەناسەیەکی بۆ چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر گەڕاندەوە و پۆستەکەی لە مەترسی دوورخستنەوەی دەستبەجێ رزگار کرد.

رۆژنامەی ئاس ئاشکرای کرد، هەرچەندە دۆڕان بە رکابەرە هەمیشەییەکەی هەمووکات بە ئازارە، بەڵام ئەو هەستە ئەرێنییەی یاریزانان لە نێو یاریگادا نیشانیاندا، وایکرد کارگێڕی یانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی ئەلۆنسۆ رابگرن و چاوەڕێی باشتربوونی ئاستی تیپەکە بکەن لە داهاتوودا.

ئاس باسی لەوەشکردووە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر وەک چەکووشێک لە بەرگری بەرشەلۆنەی دەدا و جەنگانی یاریزانان تا کۆتا ساتەکان، پەیامێکی روون بوو بۆ پیرێز کە تیپەکە پشتیوانی راهێنەرەکەی دەکات، بەڵام ئەوەی ئێستا مێرەنگی بێزار کردووە نەفرەتی پێکانەکانە، بۆیە یانەکە دەیەوێت لە رێگەی گەڕانەوەی دکتۆر نیکۆ میهیچ چارەسەرێکی ریشەیی بۆ دۆخی جەستەیی یاریزانان بدۆزێتەوە.

سەبارەت بە مێرکاتۆی زستانیش، پێدەچێت ریاڵ مەدرید هیچ گرێبەستێکی نوێ ئەنجام نەدات و تەنها پشت بە گەنجانی وەک گۆنزالۆ ببەستێت، چونکە فلۆرێنتینۆ پیرێز پلانە گەورەکانی بۆ هاوینی داهاتوو هەڵگرتووە.