ئەلۆنسۆ: جامی سوپەر کەمترین بایەخی هەیە

AM:10:10:12/01/2026

288 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەلۆنسۆ دوپاتیکردەوە کە لە ئەنجامی یارییەکە رازی نییە بەڵام جامی سوپەر کەمترین بایەخی هەیە.

دوای شکستیان بەرامبەر بەرشەلۆنە لە کلاسیکۆ، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ریاڵ مەدرید ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە بە خێرایی لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە، تەنیا یارییەکە و تەنیا پاڵەوانێتییەکە، ئەویش کەمترین بایەخی هەیە لەنێو سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی دیکە.

باسی لەوەشکرد، یاریزانەکان ئاستێکی باشیان پێشکەشکرد، هەرچەندە بێ هیوا بووە لە شکستەکان، بەڵام شانازی دەکات چونکە تا دواسات رکابەرییان لەسەر نازناوەکە کرد.

وتیشی: ڤینی تا خولەکی 85 یارییەکی لەڕادەبەدەر باشی کرد، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە و بەهۆی گرژبوونی ماسولکەکانیەوە داوای گۆڕانکاری پێبکرێت، یاریزانێکی زۆر کاریگەر بوو، ئەو هەڕەشەیەکی گەورە بوو لە لای چەپ، ئێمە لە ئەنجامەکە ڕازی نین، بەڵام دەتوانین هەندێک خاڵی ئەرێنی لێ وەربگرین.

دەشڵێت: بڕیارمان دا کیلیان بە شێوەی یەدەگ بێتە نێو یاریگا بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتر دروستبکات، هەروەها بڕیار بوو پێش گۆڵی سێیەمی بەرشەلۆنە بێتە ناوەوە تا پەیوەندی نێوان هێڵەکان زیاتر بکەین، بەڵام بەرشەلۆنە بە خێرایی گۆڵی سیێەمی تۆمارکرد.