PM:01:00:08/01/2026
156 جار خوێندراوەتەوە
+
-
فلیک جەختیکردەوە دڵخۆشە بە ئاستی تیپەکەی و
بەڵێنی تەماشاکردنی یارییەکەی ریاڵ و ئەتلەتیکۆش نادات.
هانسی فلیک، راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە، دوای
سەرکەوتنە گەورەکەی تیپەکەی بە ئەنجامی پێنج گۆڵی بێوەڵام بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو
لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، ئاستی یاریزانەکانی بە ناوازە وەسف
کرد و رایگەیاند کە زۆر دڵخۆشە بەوەی وەک یەک تیپ و پێکەوە یارییان کردووە و تا
کۆتا خولەک بۆ پاراستنی گۆڵەکەیان جەنگاون.
سەبارەت
بە دوورخستنەوەی لامین یامال لە پێکهاتەی سەرەکی، ئاشکرای کرد کە ئەو یاریزانە لە
چەند رۆژی رابردوودا هەستی بە ئازارێکی کەم کردووە و نەیتوانیوە بە باشی راهێنان
بکات، بۆیە نەیویستووە سەرکێشی پێوە بکات، بەڵام دڵنیایی دا کە ئێستا بارودۆخی
باشە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕکابەری یاری
کۆتایی و داهاتووی لیڤاندۆڤسکی، فلیک ئاماژەی بەوە دا کە گرنگترین شت گەیشتنیانە
بە یاری کۆتایی و زۆر لە ئاستی ئێستای لیڤاندۆڤسکیش رازییە، بەڵام ناتوانێت هیچ
شتێک دەربارەی وەرزی داهاتوو بڵێت.
کاتێک بە پێکەنینەوە پرسیاری لێکرا ئایا بینەری
یارییەکەی ریاڵ مەدرید دەبێت کە درەنگانی شەو بەڕێوە دەچێت، راهێنەرە ئەڵمانییەکە
بە پێکەنییەوە باسی لەوەکرد کە ناتوانێت بەڵێنی ئەوە بدات، چونکە وەک پێشتر
ئاماژەی پێداوە، زوو خەوتن لای ئەو گرنگترە لە تەماشاکردنی تەلەڤزیۆن.