ئارسناڵ ئامادەیە 80 ملیۆن یۆرۆ لە گواستنەوەی گولەر خەرجبکات

AM:11:40:03/01/2026

104 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئارسناڵ ئامادەیە 80 ملیۆن یۆرۆ لە گواستنەوەی گولەر خەرجبکات و مان یونایتدیش هەمان یاریزانی کردووەتە ئامانج.

تۆڕی فیچاجێس بڵاویکردەوە، لەنێو یانەکانی خولی نایابی ئینگلتەرا خواستێکی زۆر هەیە تا لە هاوینی ئەمساڵدا یەکێک لە ئەستێرەکانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی بگوازنەوە.

ئەو تۆڕە لە نوێترین پێشهاتدا دوپاتیکردەوە کە یانەی ئارسناڵ لەسەر داوای میکێل ئارتێتای راهێنەر هەوڵی جددیان دەستپێکردووە بەمەبەستی گواستنەوەی ئاردا گولەری ئەستێرەی تورکی بۆ یانەکەیان.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەرپرسانی یانە لەندەنیەکە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆیان ئامادەکردووە تا پێشکەشی ریاڵ مەدریدی بکەن بەرامبەر فرۆشتنی ئەو یاریزانە پێیان لە هاوینی داهاتوودا.

نوسیویەتی، جگە لە ئارسناڵ یانەکانی مانچستەر یونایتد و چێڵسیش گواستنەوەی هەمان یاریزانیان کردووەتە ئامانج لەپێناو بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی یانەکانیان.

تۆڕەکە دەڵێت، لە ئێستادا یانەی شاهانە بە هیچ شێوەیەک بیری لە فرۆشتنی گولەر نەکردووەتەوە بەهۆی ئەوەی تەمەنێکی کەمی هەیە و ئەگەری زۆرە لە داهاتوودا سودێکی زۆر بە یانەکەیان بگەیەنێت بەڵام ئەگەر ئۆفەرێکی گەورەتریان پێشکەش بکرێت ئەگەری هەیە رازیبن بە فرۆشتنی.

خ . ک