رۆناڵدۆ دوای وازهێنان لە تۆپی پێ لە گەورەترین و گرانبەهاترین کۆشکی پورتوگال نیشتەجێ دەبێت

PM:09:31:02/01/2026

568 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رۆناڵدۆ دوای وازهێنان لە تۆپی پێ لە گەورەترین و گرانبەهاترین کۆشکی پورتوگال نیشتەجێ دەبێت کە نرخەکەی 30 ملیۆن پاوەندە.

رۆژنامەی میرەری بەریتانی ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای وازهێنانی لە یاریی تۆپی پێ، بۆ ژیانکردن دەچێتەوە پورتوگال و لە گەورەترین کۆشکی ئەو وڵاتە نیشتەجێ دەبێت.

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، رۆناڵدۆ کۆشکێکی لە پورتوگال کڕیوە بەهاکەی 30 ملیۆن پاوەندە، کە دەکەوێتە کەناراوەکانی لیشبۆن و بە گەورەترین و گرانبەهاترن کۆشک دادەنرێت لە وڵاتی پورتوگالدا.

باس لەوەشدەکرێت، تایبەتمەندییەکانی کۆشکەکە لەسەر خواستی رۆناڵدۆ و جۆرجینا گۆڕانکارییان تیادا کراوە، بۆ نمونە بەلوعەی زێڕ و سیرامیکی ئیتاڵی گرانبەهایان تێدا بەکارهاتووە.

کۆشکەکە جگە لە چەندین تایبەتمەندی جیاواز، هەشت ژووری نوستن و مەلەوانگەیەکی گەورەی تێدایە و پارکێکی ئۆتۆمبێل لەخۆدەگرێت، کە جێگەی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی تێدا دەبێتەوە.

میرەر ئاماژەی بەوەکردووە، رۆنالدۆ هەوڵیداوە یاریگایەکی گۆڵفیش بکڕێتەوە کە لە تەنیش کۆشکەکەیە، بەڵام خاوەنەکەی نەیفرۆشتووە و داواکەی ئەستێرە پورتوگالییەکەی رەتکردووەتەوە.

رۆژنامە بەریتانییەکە لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، رەنگە رۆناڵدۆ دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە ساڵی 2027 لەگەڵ نەسڕ بە یەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت، کۆشکە نوێیەکەشی دەبێت شوێنی سەرەکی ژیانکردنی لەگەڵ جۆرجینا و منداڵەکانی.