کانسیلۆ بڕیاری جێهێشتنی هیلالی داوە و بەرشەلۆنە چاودێری دەکات

PM:02:27:31/12/2025

228 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کانسیلۆ بڕیاری جێهێشتنی هیلالی داوە و بەرشەلۆنە و یانە ئیتاڵییەکانیش هەوڵی گواستنەوەی دەدەن.

جواو کانسیلۆ، بەرگریکاری پورتوگالی یانەی هیلالی سعوودی، بڕیاری کۆتایی خۆیداوە کە لە مانگی یەکی داهاتوودا ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە بۆ کیشوەری ئەوروپا، ئەم هەواڵەش کە لەلایەن فابریزیۆ ڕۆمانۆ و ماتیۆ مۆرێتۆوە پشتڕاستکراوەتەوە، یانەی بەرشەلۆنەی هێناوەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم یاریزانە بگەڕێنێتەوە ڕیزەکانی.

هەرچەندە کانسیلۆ ئارەزووی گەڕانەوە بۆ سێریا ئەی دەکات و یانەکانی ئینتەر میلان و یۆڤانتۆس بە جدی هەوڵی بۆ دەدەن، بەڵام بارشا دەیەوێت سوود لە پێکانی درێژخایەنی ئەندریاس کریستێنسن وەربگرێت و بەپێی یاساکانی لالیگا، سەدا 40ی مووچەی ئەو یاریزانە بۆ تۆمارکردنی کانسلۆ لە زستاندا بەکاربهێنێت.

بەرپرسانی وەرزشی بەرشەلۆنە نایانەوێت بژاردەیەکی کاتی و لاواز بهێنن، بەڵکو دەیانەوێت ئەستێرەیەکی وەک کانسیلۆ بە شێوەی خواستن و بگوازنەوە، چونکە هاتنی ئەو نەک هەر کێشەی بەرگری ڕاست چارەسەر دەکات، بەڵکو رێگە بە هانسی فلیک دەدات ژول کوندێ بباتە ناو جەرگەی بەرگری و ئێریک گارسیاش بۆ پۆستەکانی تری ناوەند و بەرگری ئازاد بکات.

ئەستێرە پۆرتوگالییەکە ئێستاش بە ئاشکرا دڵسۆزی خۆی بۆ یانەی بەرشەلۆنە نیشان دەدات، سەرەڕای ئەوەی ئەم وەرزە بەهۆی پێکانەوە لە هیلال دوورکەوتووەتەوە، بەڵام وەک باشترین بژاردە دەبینرێت کە بتوانێت دەستبەجێ لەگەڵ سیستەمی فلیکدا بگونجێت و باڵادەستی بۆ بەرگری بلاوگرانا بگەڕێنێتەوە، بە مەرجێک بارشا بتوانێت لە ڕووی داراییەوە لەگەڵ یانە سعوودییەکە بگاتە ڕێککەوتنی کۆتایی.