PM:09:29:26/12/2025
236 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بەرشەلۆنە مانگێکی ئاگرین چاوەڕێی دەکات و راهێنەر و یاریزانانی یانەکەش ئەرکیان قورس دەبێت.
یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا چاوەڕێی خشتەیەکی یاریی قورسدەکات بە شێوەیەک لە ماوەی تەنها 25 رۆژدا حەوت یان هەشت یاریی ئەنجامدەدات.
یانە کەتەلۆنیەکە بە راهێنەرایەتی هانسی فلیک لەگەڵ سەرجەم یاریزانەکان ئەرکیان ئاسان نابێت و ئامانجیان ئەوەیە کە لەو مانگەدا باشترین ئاست پێشکەش بکەن چونکە پێیانوایە یەکلاکەرەوە دەبێت بۆیان.
بە پێی خشتەی یارییەکان بێت، بەرشەلۆنە لە سێی مانگی ساڵی 2026دا یەکەم یاریی خۆی ئەنجامدەدات و کۆتا یارییشی لەو مانگەدا لە 28ی مانگ ئەنجامدەدات.
ئەو یانەیە لەو مانگەدا سێ یاریی لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر ئیسپانیۆل و ریاڵ سۆسیداد و ریاڵ ئۆڤیدیۆ ئەنجامدەدات لەگەڵ یارییەک لە جامی شای ئیسپانیا کە هێشتا کات و ئەو یانەیەش کە رووبەڕووی دەبێتەوە دیارینەکراوە.
لە چامپیۆنز لیگیش دوو یاریی بەرامبەر یانەکانی سلاڤیا پراگ و کۆپنهاگن ئەنجامدەدات، لە قۆناغی پێش کۆتایی سوپەری ئیسپانیاش رووبەڕووی ئەتلەتیک بلباو دەبێتەوە و ئەگەر ئەو یارییەش بباتەوە یاریی کۆتایی جامەکە ئەنجامدەدات.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ دوپاتیکردووەتەوە ئەگەر یانەی بەرشەلۆنە بە سەرکەوتوویی مانگی یەک تێبپەڕێنێت ئەوا بە رێژەیەکی زۆر نزیکدەبێتەوە لە نازناوی خولی ئیسپانیا و گەیشتن بە قۆناغی 16ی چامپیۆنز لیگ بەشێوەیەکی راستەوخۆ.
خ . ک