PM:08:20:25/12/2025
92 جار خوێندراوەتەوە
+
-
نیکۆ
پاز رۆژ لە دوای رۆژ نرخی زیاتر دەبێت و ریاڵ مەدریدیش پلانی داناوە بۆ داهاتووی.
نیکو
پازی هێرشبەری لاوی یانەی کۆمۆ، کە ڕەگەزنامەی ئیسپانی و ئەرژەنتینی هەیە، لەم
وەرزەی خولی ئیتاڵیادا وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە دەرکەوتووە و بووەتە کلیلی
سەرکەوتنەکانی تیپەکەی سێسک فابریگاس، ئەم یاریزانە تەمەن 20 ساڵە تا ئێستا
توانیویەتی پێنج گۆڵ و پێنج ئەسیست تۆمار بکات، ئەمەش وایکردووە یانەی کۆمۆ لە
پلەی حەوتەمی ڕیزبەندی سێریا ئەی ببینرێت و ببێتە یەکێک لە کێبڕکێکارە بەهێزەکان
بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی ئەوروپی.
بەپێی
نوێترین نوێکردنەوەی ماڵپەڕی ترانسفێرمارکێت، بەهای بازاڕیی نیکو پاز بازدانێکی
گەورەی بەخۆوە بینیوە و 10 ملیۆن یۆرۆی دیکەی چووەتە سەر، بەو پێیەش لە ئێستادا
بەهاکەی گەیشتووەتە 65 ملیۆن یۆرۆ و لە ڕیزی پێنج گرانترین یاریزانەکانی خولی
ئیتاڵیادایە.
ئەم درەوشانەوەیە وایکردووە یانەی ریاڵ مەدرید،
کە خاوەنی ڕەسەنی یاریزانەکەیە و مافی کڕینەوەی بە 10 ملیۆن یۆرۆ
هەیە، بکەوێتە خۆی و بڕیارە لەگەڵ یانەی کۆمۆ دەست بە گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی
نوێ بۆ وەرزی داهاتوو واژۆ بکەن کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت.
هاکات
لەگەڵ درەوشانەوەی نیکو پاز، چەند یاریزانێکی دیکەی لاو لە سێریا ئەی بەهایان بە
شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لەوانە مارکۆ پالێسترا لە کالیاری و بارتێزاگی لە
میلان و جاکۆبۆ ڕامۆن لە کۆمۆ، ئەم شەپۆلە نوێیەی یاریزانە لاوانە نیشانەی ئەوەیە
کە خولی ئیتاڵیا خەریکە دەبێتەوە بە مەڵبەندێکی گرنگ بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی
نوێ و بەهێز لە ئەستێرەکانی جیهان.