PM:07:18:25/12/2025
84 جار خوێندراوەتەوە
+
-
میلان
بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری چاوی لە چەند ئەستێرەیەکە و ئەلێگریش دەیەوێت شۆڕش لە
پێکهاتەکەیدا بکات.
یانەی
میلانی ئیتاڵی لەگەڵ نزیکبوونەوەی مێرکاتۆی زستانە، کار بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری
تیپەکەی دەکات و ماسیمیلیانو ئەلێگری ڕاهێنەریش دەیەوێت بە ئەزموونداری زیاتر و
یاریزانی نوێ هێڵی دواوەی یانەکە تۆکمەتر بکات.
یەکێک
لەو ناوانەی کە لە لیستی میلاندا دەبینرێت فێدریکۆ گاتی بەرگریکاری تەمەن 27 ساڵەی
یانەی یوڤانتوسە، کە ئەلێگری بەهۆی کارکردنی پێشوویان لەگەڵ یەکتر متمانەی زۆری
پێیەتی، بەڵام بەهۆی پێکان و کەمی بەرگریکار لە لیستی یانەی خانمە پیرەکە،
گواستنەوەی ئەم یاریزانە لە ناوەڕاستی وەرزدا تا ڕادەیەک ئەستەم دەردەکەوێت.
بەپێی
زانیارییەکانی سکای سپۆرت، میلان بەدوای بژاردەی خاوەن ئەزموونتردا دەگەڕێت و سکرینیاری
کاپتنی ئێستای فەنەرباخچە و یاریزانی پێشووی ئینتەرمیلانی خستووەتە ژێر
چاودێرییەوە، هەرچەندە ڕازیکردنی یانە
تورکییەکە بۆ دەستبەرداربوون لە کاپتنەکەیان لە زستاندا کارێکی ئاسان نابێت.
هاوکات بژاردەیەکی دیکەی بەردەم میلان ئێریک
دایەری بەرگریکاری ئینگلیزی یانەی مۆناکۆیە، کە بەم دواییانە لە پێکان گەڕاوەتەوە
و بەرپرسانی میلان خەریکی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەو یاریزانەن بۆ ئەوەی بزانن تا چەند
دەتوانن لەگەڵ یانە فەڕەنسییەکە بگەنە ڕێککەوتن.
لە
ئێستادا کارگێڕی میلان لە نێوان خواستە گەورەکانی ئەلێگری و واقیعی بازاڕی
گواستنەوەدا خەریکی وردبینین، ئامانجی سەرەکی ئەوان ئەوەیە هێڵی بەرگری یانەکە
بەهێز بکەن بەبێ ئەوەی هاوسەنگی دارایی یانەکە تێکبدەن، تا بتوانن لە نیوەی دووەمی
وەرزدا بە هێزێکی زیاترەوە کێبڕکێی نازناوەکان بکەن.