ئابڕووچوون لە تۆپی پێی ئەرجەنتین روویداوە

PM:12:35:10/12/2025

188 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یەکێتی تۆپی پێی ئەرجەنتین و 30 یانەی وڵاتەکە بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت.

کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردووەتەوە، رۆژی سێشەممە پۆلیسی ئەرجەنتین هەڵیکووتاوەتە سەر بارەگای یەکێتی تۆپی پێی ئەرجەنتین و 30 یانەی وڵاتەکە، ئەمیش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی سپیکردنەوەی پارە لەلایەن کۆمپانیای سور فینانزاسی سپۆنسەری خولی ئەرجەنتینی.

پاش ئەو تۆمەتانەش، کۆمپانیا داراییەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بەبێ بنەما ناویبردوون.

سی ئێن ئێن باسی لەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەکان لەو کاتە دەستیپێکردووە کە کۆمپانیای سور فینانزاسی گرێبەستێکی گوماناوی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیکۆ بانفیڵد واژۆ کردووە.

کەناڵی سی ئێن ئێن ئەوەشی خستووەتەڕوو، پاش ئەوەی پۆلیس هەڵیکووتاوەتە سەر کۆمپانیاکە چەندین بەڵگەنامەی دۆزیووەتەوە کە پەیوەستن بە 30 یانەی وڵاتەکەوە، لەبەر ئەو هۆکارەش لێکۆڵینەوەی ورد لەگەڵ سەرجەم یانەکان و یەکێتی تۆپی پێی ئەرجەنتین دەکرێت و هەموویان بە سپیکردنەوەی پارە تۆمەتبارن.