ریڤێرۆ لە شیرینی فرۆشتنەوە بۆ یاریکردن لەگەڵ مێسی

PM:03:43:15/10/2025

248 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لاوتارۆ ریڤێرۆ، لە شیرینی فرۆشتنی سەر شەقامەکانەوە بۆ ریزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یاریکردن لەگەڵ مێسی.

لاوتارۆ ریڤێریۆی تەمەن 21 ساڵان، لە دوو یاری رابردووی ئەرجەنتین بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەکەکرا و لە یاری بەرامبەر پوێرتۆ ریکۆش 45 خولەک یاریکرد، ئەوەی لە ژیانی ئەم لاوەدا سەرنجڕاکێش و ئیلهامبەخشە گەیشتنێتی بە ریزی گەورەکانی ئەرجەنیتن لە شەقامەکانەوە.

ڕیڤێرۆ لە گەڕەکە هەژارنشینییەکانی مۆرێنۆی ویلایەتی بوینس ئایرێس لەدایک بووە، لە هەژاری و سەختیدا گەورە بووە، وەک خۆی دەڵێت: لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەبوو کاربکەم بۆ ئەوەی یارمەتی خێزانەکەم بدەم، لە بازاڕ شیرینی و گوڵم دەفرۆشت، بەڵام هەرگیز وازم لە مەشقکردن نەهێنا لە پێناو خەونەکەم و هەمیشەش ویستووە ژیانێکی خۆش بۆ دایک و باوکم تەرخانبکەم.

یەکەم هەنگاوەکانی لاوتارۆ لە تۆپی پێدا لە تیپی ناوخۆیی لۆس ئەلکونێس بوو، پێش ئەوەی بچێتە ڤیلا لۆرۆ نۆرت، لەوێ بەهرەی بەرگرییەکەی سەرنجی هەمووانی راکێشا و لە ساڵی 2018 کاتێک تەمەنی تەنها 14 ساڵ بوو، ڕیڤەر پلێت گرێبەستی لەگەڵدا واژۆکرد و خستیە سەر ڕێگایەکی پیشەگەرانە.

لاوەکە ساڵی 2021 یەکەمین یاری بۆ ڕیڤەر پلێت ئەنجامدا، دواتر ساڵی 2023 نزیک بوو لە جێهێشتنی یانەکە بەڵام لە دوا ساتەکان گرێبەستەکەی نوێکرایەوە و بە خواستن نێردرا بۆ یانەی سێنتراڵ کۆردۆبا، ئەمەش گۆڕانێکی گەورەبوو لە ژیانی ئەستێرەکە و بووە هۆی درەوشانەوەی و لەگەڵ ئەو یانەیەش جامی ئەرجەنتینی بەدەستهێنا.

پاش ئەو نازناوەش لاوتارۆ وێنەیەکی کۆنی خۆی لەسەر شەقام بڵاوکردەوە، ئەلفاجۆرێس کە جۆرێکە لە شیرینی دەفرۆشێت و لەسەری نووسیویەتی: باوەڕناکەم، ئەم وێنەیە منم ساڵیک بەر لە ئێستا.

وێنەکەش بە خێرای لە سۆشیال میدیادا بڵاوبۆیەوە و وەک نموونەیەکی کۆڵنەدان وەسفکرا.

دوای درەوشانەوەی لە کۆردۆبا، رێڤەر پلێت بە خێرای یاریزانەکەی گەڕاندەوە ریزەکانی و گرێبەستەکەی نوێکردەوە تا ساڵی 2028 و موچەکەشی زیاد کرد، وە بووە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی یانەکە، هەر ئەو ئاستە بەرزەشی سەرنجی سکالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی راکێشا و بانگهێشتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد و لە ئێستاشدا تەمەنێکی زۆری لە پێشە تا خۆی وەک یاریزانێکی گەورەی وڵاتەکەی نیشان بدات و پشتگیرییەکی دارای گەورەی خێزانەکەشی بێت.

لە کۆتایدا، لاوتارۆ ڕیڤێرۆ تەنها وەک یاریزانێکی لاوی تۆپی پێ تەماشا ناکرێت؛ ئەو کەسایەتییەکی ئیلهامبەخشە بۆ نەوەیەک، سەلماندوویەتی ئەگەر تەنانەت کوڕێکی شیرینی فرۆشی سەر شەقامەکان بیت، خەونەکانت دەتوانن بتبەنە ئاسمان.