ڤینیسیۆس بیر لە جێهێشتنی ریاڵ مەدرید دەکاتەوە

PM:12:06:20/09/2025

236 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دابەزینی ئاستی و جێبەجێ نەکردنی مەرجەکان هۆکاری وەستانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس بووە و یاریزانەکەش بیر لە رۆیشتن دەکاتەوە.

لە چەند مانگی رابردوودا، رۆژنامەکان بڵاویانکردەوە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر چەندین ئۆفەری ریاڵ مەدریدی رەتکردووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، هۆکارەکەشی ئەوە بووە داوای زیادکردنی مووچەکەی کردووە کە هاوشێوەی کیلیان مباپێ ببێت.

لە نوێترین پێشهاتدا، رۆژنامەی مارکا ئاشکرایکردووە، هۆکاری سەرەکی وەستاندنی گفتوگۆی نوێکردنەوەی ڤینیسیۆس لەلایەن ریاڵ مەدریدەوە دابەزینی ئاستی ئەو یاریزانە بووە.

ئەو رۆژنامەیە دوپاتیکردووەتەوە، بەرپرسانی یانەی شاهانە بە ئەستێرە بەرازیلیەکەیان وتوە بەهۆی ئەوەی ئاستی دابەزیوە لە یارییەکاندا ناتوانن مووچەکەی بۆ زیادبکەن.

لەلایەکی ترەوە رۆژنامەی ئاس ئاشکرایکردووە، ڤینیسیۆس نیگەرانە لەو شێوازە مامەڵەیەی یانەکەی لەگەڵیدا دەیکەن و ئەگەر بابەتەکان خراپتر بن ئەوا لە مێرکاتۆی زستانەدا بیر لە رۆیشتن دەکاتەوە.

دڵنیاییداوە لەوەی کە گرێبەستی ڤینیسیۆس لەگەڵ یانەکەی لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت و ترسی بەرپرسانی یانەی شاهانە ئەوەیە ئەو یاریزانە لە دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی بێبەرامبەر لە یانەکەیان بڕوات لەبەرئەوە دەیانەوێت بە خێرایی داهاتووی یەکلابکەنەوە بە مانەوە یان فرۆشتنی لەپێناو بەدەستهێنانی بڕە پارەیەک.

خ . ک