بواتینگ وازهێنانی لە یاریی تۆپی پێ راگەیاند

AM:09:36:20/09/2025

116 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بە فەرمی بواتینگ وازهێنانی لە یارییکردن راگەیاند و دوپاتیکردەوە سوپاسی هەمووان دەکات.

جیرۆم بواتینگی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە فەرمی و لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە تەمەنی 37 ساڵیدا وازهێنانی یەکجاری لە یارییکردنی تۆپی پێ راگەیاند.

بواتینگ نوسیویەتی، ماوەی چەندین ساڵە لەگەڵ وڵاتەکەی و یانە گەورەکان یاریی کردووە و لە سەرجەم ئەو ئەزمونانەدا فێربووە و براوە و دۆڕاویش بووە و تۆپی پێ زۆر شتی پێبەخشیوە.

دەشڵێت، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە شتێکیتر بکەم نەک لەبەرئەوەی ناچار بم بەڵکو لەبەرئەوەی ئامادەم، سوپاسی یانەکان و هاندەران و هەموو ئەوانە دەکەم کە پشتگیریان کردووم، بە دڵنیاییشەوە سوپاسی خێزانەکەم و منداڵەکانم دەکەم.

بواتینگ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەدایکبووە و سەرەتا لە یانەی هێرتا بەرلینەوە دەستی کردووە بە یارییکردن، دواتر چووەتە یانەکانی هامبۆرگ و مانچستەر سیتی و بایرن میونشن، چەندین نازناوی گەورەی لەگەڵ یانەکان بەدەستهێناوە.

ئەو یاریزانە 76 یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئەنجامداوە و نازناوی مۆندیالی 2014ی لەگەڵدا بەدەستهێناوە.

خ . ک