ئینزاگی باسی ئامانجەکانیان دەکات

PM:05:09:15/03/2025

80 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئینزاگی رایگەیاند دوو باشترین یانەی هێرشبەری ئیتاڵیا ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە و ئێمە ئامادەین بۆئەم جۆرە یارییانە.

سیمیۆنی ئینزاگی پێش ڕووبەڕوبونەوەی ئەتڵانتا وتی ئێمە باش ڕکابەرەکەمان دەناسین و دەزانین لە خولی ناوخۆی و پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان ئاستێکی چەند باش پێشکەش دەکەن لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتاییدا.

ئینزاگی بەردەوامبوو لە ستایشکردنی ئەتڵانتا و وتی یەکێکن لە باشترین تیپە هێرشبەرییەکانی جیهان و لە ئیتاڵیایش هاوشانی ئێمە باشترین تیمن بۆ هێرشبردن.

راهێنەرەکە لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە یاریزانەکانی لە بەهێزی و گرنگی یارییەکە ئاگادارکردووەتەوە و بە هەموو هێزییانەوە دەچنە یاریگاوە.

لەهەمان کاتدا ئەوەی ئاشکراکرد پێویستە بەردەوامبن لە ڕکابەریکردنی نازناوەکان و نابێت بە هیچ شێوەیەک هەڵە بکەن، چونکە ئەوەی تا ئەمڕۆ بەدەست هاتووە تەنها ئەنجامێکی باشە و تاوەکوو ئێستا هیچ نازناوێکیان یەکلانەکردووەتەوە.

لە کۆتاییدا سیمیۆنی ئینزاگی دەستخۆشی لە هاندەرانی یانەکەی کرد و داوای لێکردن بەردەوامبن لە هاندانیان بۆ ئەوەی لە کۆتایی وەرزدا پێکەوە ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن.



چۆمان سدیق