خولی ئینگلتەرا.. سیتی دوو خاڵی لەدەستدا و نۆتینگهام بردیەوە

PM:08:24:15/03/2025

136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئینگلتەرا مان سیتی بە دوو گۆڵ بەرامبەر برایتۆن یەکسانبوو نۆتینگهامیش لە لیستەری بردەوە.

لە یارییەکانی هەفتەی 29ـی خولی ئینگلتەرا، یانەی مانچستەر سیتی رووبەڕووی برایتۆن بووەوە.

تایمی یەکەم، سیتی لە سەرەتاوە باشتر دەرکەوت و ئێرلینگ هالاند توانی گۆڵی یەکەم بە لێدانی سزا لە خولەکی 11 تۆمار بکات، هەرچەندە ئیستوپینیا لە خولەکی 21 ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام مەڕمووش دووبارە لە خولەکی 39 سیتیزنی پێشخستەوە و بەو ئەنجامە کۆتایی بە نیوەی یەکەم هات.

لە تایمی دووەمدا، بە دیاریکراوی لە خولەکی 48 لە ئەنجامی تۆپێکی بەرزی برایتۆن عەبدولقادر خوسانۆڤ بە هەڵە گۆڵێکی لە خۆیان تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.

سەرەنجام یارییەکە بە دوو گۆڵ و بە یەکسانبوون کۆتایی هات، لە یارییەکی دیکەشدا نۆتینگهام بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ شکستی بە لیستەر سیتی هێنا.

دوای ئەو دوو یارییە خاڵەکانی سیتی بوو بە 48 خاڵ و لە پلەی پێنجەمە، نۆتینگهامیش بە 54 خاڵ پلەی سێیەمی پریمەر لیگی گرتووە.
بیلال کاکە