تیباس دژایەتی جامی جیهانی یانەکان دەکات

PM:11:03:16/10/2024

64 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تیباس داوا لە فیفا دەکات بەڕێوەچوونی جامی جیهانی یانەکانی ساڵی داهاتوو هەڵوەشێنێتەوە.

خافێر تیباسی سەرۆکی رابیتەی خولی ئیسپانیا لە لێدوانێکیدا لە کۆڕبەندی یانەکانی ئەوروپا داوای لە جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهان کرد جامی جیهانی یانەکانی ساڵی داهاتوو هەڵوەشێنێتەوە.

تیباس دەڵێت، هەمووان ئەو راستیە دەزانن کە فیفا سەرکەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانی بڕە پارەیەکی زۆر تا بە یانە بەشداربووەکانی ئەو جامەی بدات بەهۆی ئەوەی سپۆنسەری پێویستی دەست نەکەوتووە و جگە لەوەش مافی پەخشی کەمی بەدەستهێناوە.

رونیشیکردووەتەوە، تەنانەت یانەکانی ئەمریکاش دژی بەشداری کردنن لەو پاڵەوانێتییە چونکە ئەوە تەنها بۆ ماندوو کردنی یاریزانانە و هیچ سودێکی بۆ تۆپی پێ نییە.

دەشڵێت، ئەو جامە هەڵوەشێننەوە و لەگەڵ ئێمە دانیشن تا گفتوگۆیپێشخستنی وەرزش بکەین بە شێوەیەکی جیاوازتر و دڵنیابن پێکەوە دەگەینە رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو تۆپی پی بێت.

رونیشیکردەوە، پێویستە هەموو یەکێتیە وەرزشییەکان پێکەوە پەیوەندیەکی بەهێزیان هەبێت تا بتوانن ئەو جۆرە خولانە بکەنەوە کە سوودی بۆ یاریزانان هەبێت نەک بەکاربهێنرێت بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن.

خ . ک