PM:04:54:20/09/2021
2276 جار خوێندراوەتەوە
+
-
گواردیۆلا بەهۆى زۆرى پێکانەکانەوە سبەینێ بە یاریزانە لاوەکانیەوە بەشدارى
جامى ڕابیتەى یانە پیشەگەرەکانى ئینگلتەرا دەکات.
لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا پێش یارییەکەى بەرامبەر ویکۆمب واندەرز لە قۆناغى
سێیەمى جامى یەکێتى یاریزانە پیشەگەرەکانى ئینگلتەرا، پیپ گواردیۆلاى ڕاهێنەرى
مانچستەر سیتى ئاماژەى بەوەکرد، ناچارە لەو یارییەدا پشت بە یاریزانە لاوەکانى
ببەستێت بەهۆى زۆرى پێکانەکانەوە لە یانەکەیدا.
گواردیۆلا دەڵێت "هیچ بژاردەیەکم لە بەرامبەر ویکۆبدا نییە و یارى بە
چەند یاریزانێکى لاو دەکەم، لەبەرئەوەى ستۆنز و لاپۆرت و زینچینکۆ و ڕۆدرى و گۆندۆگان
پێکانیان هەیە".
گواردیۆلا پێیوایە ئەمە هەلێکى باشە بۆ یاریزانەکانى ئەکادیمیاى یانەکەیان،
کە بۆ بارودۆخێکى لەو جۆرە لە تیپەکەیاندان.
مان سیتى دواى یارییەکەى ویکۆمب و لە نۆ ڕۆژدا بەرامبەر چێڵسى و پاریس و
لیڤەرپوڵ یارى دەکات، لەبەرئەمەش یاریزانە پێکراوەکان گواردیۆلایان دوودڵکردووە و
دەیەوێت پشوو بە هەندێک لە یاریزانە سەرەکیەکانى بدات و دەشڵێت "دیاز و
کانسیلۆ هەموو یارییەکان بەشدارییان کردووە، لەبەرئەوە پێموانییە بەشدارى یارییەکەى
ویکۆمب بکەن".
گ . ف