سەردێڕ:

برا گەورە یان بەڵای گەورە؟

PM:03:25:05/10/2024
996 جار خوێندراوەتەوە
کۆژین بەهادین مەحمود
+ -

کاتێک سەیری میدیاکانی دەسەڵات و بە تایبەت پارتی دەکەم کە باسی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەو پرسیارەم لا دروست دەبێت کە ئایا بەڕاست ئەمە ئەو هەرێمەیە کە من تیایدا ژیاوم؟ بە جۆرێک باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان دەکرێت وەک ئەوەی کە بەهەشتی دونیا بێت و خەڵکەکەی لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا بن، ئەوەش لە سایەی سەری کێ؟ جەنابی برا گەورە!

هەر بەڕاست مەسرور بارزانی لە شەش ساڵی تەمەنی کابینەکەی بووەتە برای گەورەی هەموو هاوڵاتیانی هەرێم و لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا حەساونەتەوە؟ یان بووەتە بەڵایەکی گەورە بەسەر شانی ئەم میللەتە بەشمەینەتەوە؟

لە سەرەتای بوون بە سەرۆکی حکومەتدا، مەسرور بارزانی (برا گەورە!) چەندین بەڵێنی وەک ناسناوەکەی کە لە رێگەی میدیاکانییەوە بۆی دووراوە، بە هاوڵاتیانی هەرێم دا، لە ناویشیاندا چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، دوای بوون بە سەرۆکی حکومەت، چارەسەرە ریشەییەکانی برا گەورە کەوتنە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەجۆرێک، لە ساڵی ٢٠٢٠ مووچەی مانگەکانی چوار، پێنج، شەش، حەوت، هەشت، ١١ و ١٢ هەر نەدرا بە مووچەخۆران، داهێنانێکی دیکەش بۆ مووچەی مانگەکانی دوو، سێ، نۆ و ١٠ کرا و بە لێبڕینەوە دابەش کران، واتە جەنابی برا گەورە لە ساڵی ٢٠٢٠ تەنها چوار مووچەی بە لێبڕینی ١٨٪ و ٢١٪ دا بە مووچەخۆران، لە ساڵی رابردووشدا کە بەغدا پارەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنارد، جەنابی برا گەورە مووچەی مانگەکانی ١٠، ١١ و ١٢ـی مووچەخۆرانی هەرێمی خستە قوڕگی شێرەوە و تا ئێستاش گوێی خۆی لێ کەڕ کردووە، بۆ ئەمساڵیش کە لە مانگی ١٠ـداین و نزیک دەبینەوە لە وەرزی سەرما، تەنها هەشت مووچە دراوە و مووچەخۆران چاوەڕوانی مووچەی مانگی نۆن، سەرەڕای ئەوەی بەغدا پارەی ناردووە، بەڵام دەستیان بەسەر پارەکەدا گرتووە و لەگەڵ گەرمبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن نیازیان هەیە دابەشی بکەن تا بە مووچەخۆران بڵێن، ئەوەتا ئێمە برا گەورەین و مووچە دابەش دەکەین، کورد وتەنی، پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە دەکەن! ئەمە برا گەورەیە یان بەڵای گەورە؟

یەکێکی دیکە لە بەڵێنەکانی جەنابی برا گەورە دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆکان و رەخساندنی هەلی کار بوو بۆ گەنجان، وەک خۆشی دەیوت، "گەنجان بناغەی ئەم وڵاتەن"، نەک دەرچووانی زانکۆکان دانەمەزرێندنان کە لە ئێستادا ژمارەیان زیاتر لە ٧٠٠ هەزار دەرچووی دانەمەزراوە، بەڵکو جەنابی برا گەورە نەیتوانی سێ یەکەمەکانیش دابمەزرێنێت، دۆخی گەنجانی هەرێمیش لەوپەڕی خراپیدایە، بێکاری، بێپارەیی و بێزاری بەرۆکی گرتوون، بەشێکیشیان رێگەی هەندەرانیان گرتە بەر و خۆیان خستە بەر شەپۆلە بێڕەحمەکانی دەریای ئیجە و لێی دەرباز نەبوون، جەرگی چەندین دایک و باوک سوتان، ئەمە برا گەورەیە یان بەڵای گەورە؟

چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و ئاو بەڵێنێکی دیکەی جەنابی برا گەورە بوو لە دەستپێکی کابینەکەی، کارەباکەمان نەک نەبووە ٢٤ کاتژمێری وەک بەڵێنی پێ داین، بەڵکو لە وەرزی زستاندا تا نزیکەی سفر کاتژمێر کەم بووەوە، هەندێک کاتیش بە چەند رۆژێک کارەبای نیشمانیمان نەدەبینی، هەرچی دۆخی ئاوی خواردنەوەشە، پێویست ناکات زۆر لەسەری بڕۆین، تا ئێستا هاوڵاتیانی هەولێر بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن و چەندین ساڵە جەنابی برا گەورە نەیتوانیوە کێشەکە چارەسەر بکات، بە جۆرێک ئەو کێشەیە دەنگی داوەتەوە، میدیاکانی بەنگلادیش باسی دەکەن و دەڵێن، "هاوڵاتیانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە بێئاویدا دەخنکێن"، کاتێک گەنجێکی وەک شاسوار عەبدولواحیدیش بۆ ماوەی چەندین مانگ ئاوی بە تانکەر دەگەیاندە گەڕەکە بێئاوەکانی هەولێر، رێگەیان لێ دەگرت و دەیانوت، بەو تانکەرە ئاوانە کێشەی بێئاوی چارەسەر نابێت، ئەمە برا گەورەیە یان بەڵای گەورە؟
"هاوکاری دەستی کار دەکەین و هەرزانی دەخەینە بازاڕەوە"، جەنابی برا گەورە زۆرباش ئەو بەڵێنەی جێبەجێ کرد، ٦٢١٪ باجیان لەسەر هاوڵاتیان زیاد کرد، زیاتر لە ٤٥٠ جۆری باج و سەرانە بەسەر هاوڵاتیان و کاسبکاراندا سەپێندراون، باجیان خستە سەر کورتانی گوێدرێژ و دەرزیی پەرەمێز و تەوالێت! نرخی خۆراک و گۆشتی سوور و سپی ٨٪ بەرز بوونەتەوە، گرانی رووی کردووەتە بازاڕ و دۆخی هاوڵاتیانیش تا دێت خراپتر دەبێت، ئەمە برا گەورەیە یان بەڵای گەورە؟

لە بانگەشەی هەڵبژاردنداین، وەک ئەوەی نە بای دیبێت نە باران، جەنابی برا گەورە دێتەوە سەر شاشە و داوا لە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە دەکات کە ئەو هەموو زوڵم و زۆرییەی بەرامبەریان کراوە لەبیر بکەن و دووبارە دەنگی پێ بدەنەوە.

لە ئێستادا تۆپەکە لە ساحەی هاوڵاتیانی هەرێمدایە، کورد وتەنی رێوی بە پیرمانەوە هاتووە! جا بڕیاری کۆتایی لە دەست هاوڵاتیانی هەرێمە، ئاخۆ ئەم دەسەڵاتە هەڵدەبژێرنەوە و هێندەی دیکە دۆخی خۆیان و چەندین نەوەی دوای خۆشیان خراپتر دەکەن، یاخوود هێزێکی تازە و کاریگەری وەک نەوەی نوێ کە تا ئێستا تاقی نەکراوەتەوە هەڵدەبژێرن و خۆیان لە بەڵای گەورە دەپارێزن.

گەلەری