گەڕانەوە بۆ شاخ
PM:04:24:01/09/2024
1892 جار خوێندراوەتەوە
سەردەشت محەمەد
+
-
گەڕانەوە بۆ شاخ لە تێڕوانینی ئێمەوە گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر، گەڕانەوەیە بۆ
ئەو کات و سەردەمەی کە ئێمە وەک میللەتی کورد خاوەنی هیچ نەبوین، تەنانەت نەمان دەتوانی
خوێندنەوە بۆ سبەینێی خۆمان بکەین و نەمان دەزانی سبەینێ چیمان بەسەر دێت، گەڕانەوە
بۆ شاخ گەڕانەوەیە بۆ ئەو ساتەوەختەی کە ژیانمان بریتی بوو لە برسێتی و راوەدونان
و خۆشاردنەوە.
ئێستا و دوای ٣٣ ساڵ لە ئازادبوونی باشووری کوردستان، لە بری پێشکەوتن و سەرکەوتن
بەسەر کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەممان، کەچی هەنگاوەکانمان بە ئاڕاستەی گەڕانەوەمانە
بۆ شاخ، دوای ئەم هەموو ساڵە، کەچی ململانێی نێوان هێز و پارتە سیاسییەکان لە
باشووری کوردستان دۆخەکەی بە جۆرێک ئاڵۆز کردووە، تەنانەت شیکەرەوە سیاسییەکانیش
ناتوانن پێمان بڵێن بارودۆخی کوردستان، سبەینێ بەرەو کوێ دەڕوات.
پاش ٣٣ ساڵ لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان، لە لایەن هێز و پارتە سیاسییەکانەوە
نەک هەنگاوێک بەرەوپێشچوونمان بەخۆوە نەبینیووە، تەنانەت ئەم نمایشە ناشازەی ئێمە
ترسی خستۆتە دڵی پارچەکانی دیکەی کوردستانیشەوە کە نەتوانن وەک پێویست خەبات لە پێناوی
سەربەخۆبوونی خۆیاندا بکەن، چونکە دەترسن دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانەکانیان وەک
ئێمە بەهەدەر بڕوات و هەمان چارەنووسی ئێمەیان هەبێت.
پاش ئەم هەموو ساڵە لە خەبات و ماندووبوون و قوربانیدانەی خەڵکی کوردستان،
کە دەبوو ئێستا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە سایەی ئەم هێز و لایەنە کوردیانە و
لە کوردستانێکی دەوڵەمەند بە نەوت و ئاو و خاکی بەپیت و دەوڵەمەند بە دەرامەتی
سروشتی ژێرخاک و سەرخاک لەژیانێکی شاهانەدا ژیانیان بەسەر ببردایە، ژیانێک کە هەموو
تاڵاو و تاریکییەکانی سەردەمی شاخیان بیرچوبایەتەوە، کەچی ئەوەتا رۆژ لەدوای رۆژ دەگەڕێینەوە
بۆ سەردەمی شاخ، سەردەمێک کە جگە لە مەرگ، ئومێدی ژیانمان نەبوو.
کەی رەوایە رژانی خوێنی هەزاران پیر و گەنج و لاو و سوتانی جەرگی هەزاران
دایک و باوک، بەرهەمەکەی بەردەوامیدان بێت بە ململانێی سیاسی و قوڵبوونەوەی قەیرانی
دارایی و تێکچونی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگا و پەرتەوازبوونی مییللەت و دابەشبوونی شەقامی
کوردی بەسەر دووبەرەی هەمیشەی دژبەیەک و سڕینەوەی
کولتور پێشوازیکردن بێت لە هێزی داگیرکەر
بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر خاک و خەڵکی کوردستان؟
ئەوەی ئێمە لەم دۆخە رزگار دەکات، ئەوەی مێژوو زمان و کولتور و خاک و خەڵکمان
لە لەناوچوون دەپارزێت، بەخۆداچوونەوەی ئەو
هێزانەیە کە لەم قۆناغەدا بەرپرسیارێتی ئەم حکومەتەیان لە ئەستۆدایە، ئەگەر ئەو هێزانە
بە خۆیاندا نەچنەوە، ئەوا دەرفەتێک لە بەردەم خەڵکدایە بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن بەخۆیاندا
بچنەوە، ئەویش سزادانیانە لەم هەڵبژاردنەدا کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجام
بدرێت، ئەگەر نا ئەوە دەبێت دەست بەرداری ژیانی شار بین و بەیەکجاری بگەڕێینەوە بۆ
شاخ، گەڕانەوەش بۆ شاخ، واتا گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر.