پێش کارەساتەکەی گرێزە؟
PM:01:19:21/03/2025
3272 جار خوێندراوەتەوە
کاوە شێخ عەبدوڵا
+
-
زۆر پێش کارەساتەکەی گوندی گرێزە کە بکوژەکە گەنجێکی
زۆر دینداربووە، ساڵی ۲۰۱۰ لەناوشاری
سلێمانی گەنجێک هەموو ئەندامانی خێزانەکەی خۆی بە دەمانچە کوشت.
باوکی ئەو گەنجە پارتی بوو، ساڵی ۲۰۲۲ پیاوێک لە چەمچەماڵ ماڵە خەزوورانی
خۆی قەتڵوعام کرد، ئەو پیاوە سەر بە هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی بوو.
حەفتەی ڕابردووش لە هەولێر پیاوێک کە پزیشک بوو،
ماڵە خەزوورانی خۆی قەتڵوعامکرد.
لێرەدا دەردەکەوێ ئەم کوشتوبڕە خێزانییانە، هیچ
پاڵنەرێکی فیکریی و سیاسیی و ئاینیی تێدا نییە.
زۆربەیان ڕقێکی زۆری تاکەکەس زاڵە کە تاوانەکە ئەنجام
دەدات.
لەم رووداوانەدا ئینسان بۆ ساتێکی زۆر کەم تەحویل
دەبێ بۆ ئینسانێکی تر کە لەوانەیە هەرزۆر جیاوازبێ لەو ئینسانەی تاوانەکە دەکات.
من لەگەڵ ئەوەدا نیم بوترێ بکوژ نەخۆشیی دەروونیی
هەبووە، هەزاران کەس هەن دەروونیان نەخۆشە و هەرگیز پەرداخێکیش لەسەری کەسدا ناشکێنن.
ئەوانەی ئینسانێک یان دووان و سیان و زیاتر دەکوژن،
لە ساتەوەختی ڕووداوەکەدا ئەسڵەن دەروونییان تا ئاستی نەمان دەشێوێ، بەڵام پێش ئەو
ڕووداوە دەروونێکی ئاساییان هەبووە.
من لە ماوەی هەشت ساڵی کاری مەیدانی ڕۆژنامەوانییم
لە گرتووخانەکانی کوردستاندا، مقابەلەی زۆر ژن و پیاوم کرد کە خەڵکیان کوشتبوو..
ئەو کوشتنانە هیچ پەیوەندییەکیان بە سیاسیی و دینییەوە نەبوو..
بکوژەکان هەموویان لەوەدا قسەیان یەکبوو کە بۆ خۆشیان
نەیاندەزانی چۆن گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە ئەو کەسانە بکوژن، دواتر هەرهەموویان
پەشیمانیش بوون! ئینسان لە ڕوواڵەتدا واخۆی دەردەخات کە زۆر ئامادەیە هەروا هەمیشە
ئینسانێکی چاک و بێکێشەبێ.
نایەوێ تا لە ژیاندایە هیچ خراپەیەک بکات، کەچی بەبێ
ئەوەی بەخۆی بزانێ لە ژیانیدا بەسەر دەیان و بگرە سەدان هەڵە و خراپەدا تێپەڕیوە.
ئەمە نیشانی دەدا ئێمە زۆرجار لە بیری دەکەین کە چۆنین، لە هەندێ حاڵەتی دەگمەندا ئینسان
بەتەواوی دەگۆڕێ و بەناوی تۆڵەکردنەوە یان وەرگرتنەوەی مافێکەوە، دەچێتە قاڵبی مرۆڤێکی
دڕندەوەو خەڵکی تر دەکوژێ..
سەیر ئەوەیە لەو کاتەشدا هێشتا هەر خۆی پێ دڕندە
نییە..
ئەوانەی
دەچنە ئەم قاڵبەوە هیچ دین و فیکر و هاندەرێکیان ناوێ تا دڕندەییەکەی خۆی خاڵی
بکاتەوە، ئەو کەسانەی خێزان و بنەماڵەی خۆیان قەتڵوعام دەکەن، پێویستیان بەوە نییە
پاساوێکی دەرەکیی بهێننەوە، نایانەوێ هیچ بیانوویەکی تر دابتاشن، تەنیا ئەوەیە یان
زوڵمی لێکراوە یان پشتگوێخراوە یان شتێکی لێزەوتکراوەو دەیانەوێ بەدەستی خۆیان تۆڵە
وەرگرنەوە.
ئیتر لێرەدا ئەندامبوونی لە حزبێکدا یان پابەندبوونی
بە دین و مەزهەبێکەوە هیچ ڕۆڵێکی نییە.