سەردێڕ:

لە ئۆکرانیا رەمەزان چۆن دەگوزەرێت؟

AM:10:10:05/04/2022

3692 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی مسوڵمانەکانی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەمساڵدا مسوڵمانانی ئۆکرانیا مانگی رەمەزان لە بارودۆخێکی سەخت و جەنگدا بەسەر دەبەن و زیاتر لە ٩٠٪ی مسوڵمانەکان ماڵەکانیان چۆڵکردووە و ئاوارەبوون.


سيران عريفوف سەرۆکی ئەنجومەنی مسوڵمانەکانی ئۆکرانیا لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانەی مسوڵمانەکان لێدەژین نزیکە لە ناوچەکانی جەنگ و ناکۆکی نێوان سوپای ئۆکرانیا و روسیا٩٠٪ ی هاوڵاتییە مسوڵمانەکانی ئۆکرانیا ماڵەکانیان جێهێشتووە و ئاوارەبوون.

باسی لەوەشکردووە، بەهۆی نالەباری بارۆدۆخی ئۆکرانیا و هەبوونی جەنگ لەو وڵاتەدا چەند فتوایەکی تایبەتیان بە جەنگ دەرکردووە بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ مسوڵمانان وەک ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لە ماڵەوە و نەچون بۆ مزگەوتەکان.

سيران عريفوف دەشڵێت، "هەرچەندە لە ئۆکرانیا مزگەوتەکانمان بەهۆی جەنگەوە چۆڵبوون و بونەتە جێی هێرشی روسیا، بەڵام مسوڵمانانمان سورن لەسەر بەجێگەیاندنی ئەرکی رۆژوگرتن."

ئاشکراشیکردووە، ئەنجومەنی مسوڵمانەکانی ئۆکرانیا بە دریژای مانگی رەمەزان خوانی بەربانگ بۆ مسوڵمانەکان و ئاوارەکانی وڵاتەکە دابین دەکات و بەردەوام دەبن لەکاری چاکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ئامارەکان ئاینی ئیسلام دووەم ئاینی سەرەکییە لە ئۆکرانیا و لە ٢٤ ی شوباتەوە ئەو وڵاتە روبەڕوی هێرشی سوپای روسیا بونەتەوە و بەشێکی زۆری هاوڵاتییەکانی ئاوارەبوون.













گەلەری