سەردێڕ:

زانیاری نوێ لە بەغداوە هات

PM:01:54:26/03/2022

47056 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا ئاشکرای کرد، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتیمان چوونە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە.


ئەمڕۆ شەممە، زیاد ئیسماعیل پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا ئاماژەی بەوەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان چوونە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە.

دەشڵێت، لە ئێستادا زەنگی چوونە ژوورەوەی پەرلەمانتاران لێدرا.

ئاماژەی بەوەشدا، پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتیمان، کەلە پارتی و سەدر و هاوپەیمانی سەروەری پێکهاتووە چوونەتە ناو هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانەوە بەمەبستی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراقە.

لەلایەکی دیکەوە، میدیا ناوخۆییەکانی عێراق بڵاویان کردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لەماڵی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەتەوە و لە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی ١١٨ واژۆی پەرلەمانتاران بۆ دروستکردنی یەک لەسەرسێی پەکخستنی پەرلەمان.

بۆ دەستپێکردنی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستە دوو له‌سه‌ر سێی پەرلەمان بەشداری دانیشتنەکە بکەن کە لەکۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی دەکاتە ٢٢٠ کورسی.

لەنێو فراکسیۆنە کوردییەکانی نێو پەرلەمانیشدا هەریەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە و بڕیاری بەشداری نەکردنیان له‌و دانیشتنەدا داوە، پارتی بەشدارە و نەوەی نوێیش ١٧ مەرجی خۆی لەپێناو خەڵکدا خستوەتەڕوو.

رێبوار ئەورەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:" وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ ناچینە ژورەوە بۆ پەرلەمان هەتا ئەو ١٧ خاڵەی تایبەتە بە هاوڵاتیان و پێشکەشمان کردوە، واژۆ نەکرێت لە لایەن کوتلەی سەدرییەکانەوە".

 













گەلەری