هەرچەندە بڕیاربوو ئەمرۆ موچەى وەزارەتى تەندروستى دابەش بکرێت، بەڵام بەپێچەوانەى شوێنەکانى تر، بەبیانووى نەبوونى پارە لە بانکەکانى سنورى سلێمانى موچە دابەشنەکرا.
لەسەر ئەو بابەتەش لیزا فەلەکەدین کاکەیى پەرلەمانتاری پارتی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەم بەیانییە بۆ دابەشکردنى موچەى کارمەندانی تەندروستی بڕی ٢٢ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دینار لە داهاتی نەوت بۆ پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری نێردراوە.
هەر لە راگەیەنراوەکەیدا پەرلەمانتارەکەى
پارتى پرسیار دەکات و دەڵێت، "نازانرێت بۆچی تا ئێستا بانکەکانی سلێمانی بەبیانووی
نەبوونی سیولە موچە دابەش ناکەن؟ یان ئەوەش پیلانێکی دیکەی سزادانی خەڵکی سلێمانییە
لەلایەن کاربەدەستانی ئەو شارەوە؟"
هاوکات، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە
ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت هەموو ئامادەکارییەک کرابوو بۆ
موچەى تەندروستى و ناردنی پارە بۆ هەموو بانکەکانی کوردستان بەبێ جیاوازى و پارەی
پێویست لە بەیانیەکی زووەوە نێردرابوو بۆ بانکەکانی سلێمانی، بەڵام لەلایەن ئیدارەی
ئەو شارەوە دابەشنەکراوە.
لە بەرامبەردا، زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنى یەکێتى
و سەرۆکى لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، پارەی موچە
کاتژمێر ١٢:٣٠ نیوەڕۆ گەشتووەتە سلێمانی و دواتر بەسەر ١٤ بانکدا دابەشکراوە، بۆ
موچەی تەندروستی بەبێ کێشە.
وەک باس دەکرێت، یەکێتی هەرچەندە داهاتى ناوخۆ
ناگەرێنێتەوە بۆ حکومەت پارەی بانکەکانیشى بردووە کە بۆ موچە نێردراوە، هاوکات،
پارتیش بەشێکی گەورەی داهاتی نەوت و داهاتی ئیبراهیم خەلیل ناگێڕێنێتەوە ناو خەزێنەی
حکومەت.
بەوەش دەردەکەوێت لە نێوان ناکۆکییەکانى هەردوو
حزبى دەسەڵاتدار ئەوەى زەرەمەندی یەکەمە تەنها خەڵک و موچەخۆرانن.