سەردێڕ:

کەسێک هەشت ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی بردووە و هەڵهاتووە

AM:11:06:14/01/2022

8472 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیایەک بەناوی گرێبەست و بەکرێدانی ئۆتۆمبێل چەند ئۆتۆمبێلێکی لە چەند هاوڵاتییەک وەرگرتووە و بەگوێرەی قسەی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان نە خاوەنی کۆمپانیاکە و نە ئۆتۆمبێلەکانیان دیارنەماون.


بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆمپانیاکە لەرێگەی گروپێکەوە ئاگاداری بڵاوکردووەتەوە کە هەلی کاری رەخساندووە و پێویستی بە چەند ئۆتۆمبێلێکە بەشێوازی کرێی مانگانە و بەڵێنی مانگی هەزار و ٨٠٠ دۆلار موچەی پێداون لەبەرامبەر ئۆتۆمبێلەکان.

خاوەنی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان باسی لەوەکرد، کۆمپانیاکە تەواوی رێکارەکانی یاساییە و داوایان لە دادگا و پۆلیس کردووە کە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ خاوەنی کۆمپانیاکە دەربکات.

یەکێکی دیکەش لە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان ئاماژەی بەوەکرد، بەناوی بردنی ئۆتۆمبێلەکان بۆ بەستنی ئامێری GPS ئۆتۆمبێلەکانیان بردووە و نەیانهێناوەتەوە و ئەو ژمارانەی پێیان درابوو لە ئێستادا داخراون.

هاوکات بە گوێرەی قسەی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان، فەرمانی دەستگیرکردنبۆ خاوەنی کۆمپانیاکە دەرکراوە لەلایەن دادوەرەوە، بەڵام جێبەجێ ناکرێت بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکان پێیان وتوون کە پشووە و لەدوای رۆژی یەکشەمەوە فەرمانەکە جێبەجێ دەکەن.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ماوەیەکە مامەڵەی لەم جۆرە لەناو هاوڵاتیاندا زۆر بووە و لە هەفتەی رابردووشدا، کەسێک لە کۆیە زیاتر لە ٣٠٠ دەفتەر دۆلاری هاوڵاتیانی بردبوو هەڵهاتبوو، کە پێی وتبوون مامەڵە بە پارەکانیانەوە دەکات، دوێنێش پۆلیسی کۆیە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە.

لە سەرەتای ساڵی رابردووشدا، گەنجێک بە ناوی سلێمان هەڵشۆیی لە ناوچەی پشدەری هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەک زۆر هاوڵاتی لە بەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، کە سەدان هەزار دۆلاریان پێداوە و ئێستا ناتوانێت بیانداتەوە.

وەک ئەو هاوڵاتیانە باسیان کرد، مامەڵەکانی سلێمان هەڵشۆیی بە جۆرێک بووە، ئۆتۆمبێل، خانوو، زێڕ، مەڕوماڵات و دەمانچە، هەرشتێک پارە بکات بۆ ماوەی دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ لە هاوڵاتییانی وەرگرتووە، بە نیوەخێر یان زیاتر بە مەرجی ئەوەی درەنگتر پارەکەی بدات، بۆ نموونە بە جۆرێک ئەگەر شتومەکێک بە بە ٢٠ هەزار دۆلار بووبێت، ئەو بە ٢٨ هەزار دۆلار وەریگرتووە بەو مەرجەی دوای دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ پارەکەی بدات.

ئومێد چۆمانی، هەولێر













گەلەری