PM:10:50:31/08/2026
612 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، کۆمپانیای نیشتمانیی بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) هیچ پەیوەندییەکی گرێبەستی یان بازرگانی لەگەڵ کەشتی نەوتهەڵگری (بیناری ستار) و کۆمپانیای خاوەندارێتیەکەی نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦، وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ کەشتی نەوتهەڵگری (بیناری ستار) و کۆمپانیای خاوەنەکەی نییە، وتیشی، لە پرۆسەکانی هەناردەکردنی نەوتدا تەنها رێگە بەو نەوتهەڵگرانە دەدەن کە لە لیستی سزا نێودەوڵەتییەکاندا نین و رێکارەکانی وردبینی دەبڕن.
ئاماژەی
بەوەش کرد، سۆمۆ لە تەواوی پرۆسە دەریایی و هەناردەکردنەکانیدا تەنها پشت بەو
کۆمپانیا و نەوتهەڵگرانە دەبەستێت کە مەرجەکانی پابەندبوونیان تێدایە و لەناو
لیستی سزا نێودەوڵەتیەکاندا نین.
دەشڵێت،
سۆمۆ زانیارییەکانی سەر جوڵەی نەوتهەڵگرەکانی لە رێگەی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنییەوە
لەگەڵ لایەنە ئەمنی و دەریاییەکانی عێراق، وەک فەرماندەیی هێزەکانی دەریایی،
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگریی بەشێوەی بەردەوام هاوبەشی پێدەکات.
بەپێی
ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی نەوت بێت، لە ئاو و بەندەرەکانی عێراقدا نەوتهەڵگری سەر بە لایەن و
کەرتی جیاواز بە ئاوەکانی عێراقدا تێدەپەڕن، کە بەشێکیان هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقەوە نییە.