AM:10:29:31/08/2026
940 جار خوێندراوەتەوە
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، بەهۆی هەوڵەکانیانەوە پرۆسەی فرۆشتنی زەوییەک بە رووبەری ٥٥٠ دۆنم لە پارێزگای ئەنبار راگیراوە و بەو هۆیەوە پێشگیری لە بەهەدەردانی ١٩ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار لە سامانی گشتی کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، لە چوارچێوەی بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان بۆ دۆسیەی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە بەغدا و پارێزگاکان، تیمی مەیدانیی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار دوای سەردانیکردنی فەرمانگەی موڵک و ماڵی دەوڵەت، بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانانی شارسازی لە ئەنبار و بەشی رێکخستنی شارەکان لە شارەوانیی رومادی، چەند سەرپێچییەکیان لە پرۆسەی راگەیاندن و فرۆشتنی ئەو زەوییە ئاشکراکردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، زەوییەکە دەکەوێتە سنووری
فراوانبوونی داهاتووی رومادی و بەبێ وەرگرتنی رەزامەندییە یاساییەکان لە شارەوانیی
رومادی، بە نرخێکی کەمتر لە بەهای راستەقینەی خۆی، واتە بە ١٣ ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دینار
بە هاوڵاتییەک فرۆشراوە.
دەستەکە روونیکردەوە، نرخی هەر دۆنمێکی زەوییەکە بە ٢٥
ملیۆن و ٩٠ هەزار دینار مەزەندە کراوە، کە ئەم نرخە زۆر کەمترە لەو پێوەرانەی ساڵی
٢٠٢٤، لەلایەن دەستەی گشتیی باجەکانەوە دیاری کراوە، تیمی لێکۆڵینەوەکە دوای وردبینیکردن
لە هێڵکاریی زەوییەکە و بەراوردکردنی لەگەڵ نرخی زەوییە هاوشێوەکان بۆیان دەرکەوتووە،
نرخی راستەقینەی هەر دۆنمێک ٦٠ ملیۆن دینار و بەهای گشتیی زەوییەکەش ٣٣ ملیار دینارە،
بەوەش جیاوازییەکە لەگەڵ ئەو نرخەی لیژنەی مەزەندەکردن لە فەرمانگەی موڵک و ماڵی دەوڵەتی
ئەنبار دیاری کردووە، ١٩ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینارە.
دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، تیمە مەیدانییەکەیان ئەنجامی
لێکۆڵینەوەکانیان خستووەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی دەستپاکی
لە ئەنبار، دادوەر بڕیاریدا رێکارەکانی فرۆشتنی زەوییەکە رابگیرێت و سەرجەم بەڵگەنامەکان
رەوانەی بەشی وردبینیی دەرەکی بکرێن بۆ دیاریکردنی سەرپێچییەکان، هەروەها دادوەر بڕیاریدا
گوتەی نوێنەرانی یاسایی فەرمانگەی موڵک و ماڵی دەوڵەت، تۆمارگەی خانووبەرە لە ئەنبار
و دەستەی گشتیی باجەکان وەربگیرێت.