نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە بەکارهێنانی درۆن بۆ چاودێری زێدەڕۆییەکانی سەر زەوییەکانی بەغدا دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین لیژنەی ناوچەیی و لیژنەیەکی باڵا پێکدەهێنرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، فەریق روکن عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لەمەودوا بۆ بەدواداچوون و بینینی هەموو ئەو زێدەڕۆییانەی دەکرێنە سەر زەوییەکان لە پایتەختی عێراق، پشت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبەستن.
ئاماژەی
بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە راگرتنی زێدەڕۆییەکان و رێگریکردنە لە بەردەوامبوونیان
لەسەر زەوی و موڵکی گشتی. بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش، لیژنەیەکی باڵا لەگەڵ چەندین
لیژنەی دیکە لە هەموو ناوچەکاندا پێکدەهێنرێن.
باسی لەوەشکرد،
ئەرکی سەرەکیی لیژنە ناوچەییەکان بریتی دەبێت لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی سەرجەم
حاڵەتەکانی زێدەڕۆیی و تۆمارکردنیان بۆ ئەوەی رێکاری پێویستیان بەرانبەر بگیرێتەبەر.
ئەم بڕیارە
توندانەی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دوای ئەوە دێن لە چەند رۆژی ڕابردوودا
رووداوێکی نەخوازراو لە کاتی لابردنی زێدەڕۆییەکاندا لە بەغدا رووی دا.
لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی لابردنی زێدەڕۆییەکانی
سەر زەوییەکانی دەوڵەت لە ناوچەی دۆرە لە باشووری بەغدا، هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی
تەقەکردن بوونەوە و بەهۆیەوە ئەفسەرێک بە پلەی عەمید لەگەڵ کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان
کوژران و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات، دوای ئەو
رووداوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد رێکاری توند بەرانبەر سەرپێچیکاران
بگیرێتەبەر و هێزە ئەمنییەکان بە تەواوی ئامادەباشییەوە رووبەڕووی هەر کەسێک ببنەوە
هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانی دەوڵەت دەدات.