PM:02:28:30/08/2026
1060 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا ساڵنامەی خوێندنی ٢٠٢٦ بۆ ٢٠٢٧ـی دیاریکرد، کە لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە دەست پێدەکات،ڕێنماییەکان وردەکاری ماوەی خوێندنیان بۆ سیستمەکانی ساڵانە، وەرزی، بۆلۆنیا و سێ وەرزی دیاریکردووە، لەگەڵ سنووردارکردنی هەوڵەکانی تاقیکردنەوە بۆ دو جار لەو زانکۆیانەی سیستمی بۆلۆنیا پەیڕەو دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، ساڵنامەی نوێی خوێندنی بۆ ساڵی ئەکادیمی (٢٠٢٦ - ٢٠٢٧) بڵاوکردەوە و بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، ساڵی خوێندن لە ١ـی ئەیلول دەستپێدەکات و لە ٣٠ـی حوزەیرانـی ٢٠٢٧، کۆتایی دێت.
لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەت جەختی کردووەتەوە
کە پێویستە لە سیستمی ساڵانەدا ماوەی خوێندن لە ٣٠ هەفتە و لە سیستمی وەرزی لە ١٥
هەفتە کەمتر نەبێت.
سەبارەت بەو زانکۆیانەی "سیستەمی بۆلۆنیا"
پەیڕەو دەکەن، بڕیار دراوە هەر وەرزێک ٢٠ هەفتە بێت، کە ١٤ هەفتەی بۆ وانەوتنەوە و
هەفتەکانی تر بۆ تاقیکردنەوەکان بێت، هەروەها خوێندکارانی ئەم سیستمە تەنها مافی
دو هەوڵی تاقیکردنەوەیان لە ساڵێکدا دەبێت. بۆ سیستمی سێ وەرزی (Trimester)، ماوەی هەر وەرزێک بە ١٣
هەفتە دیاریکراوە. ئەم ڕێنماییانە وەک هەنگاوێک بۆ ڕێکخستنەوەی کاتی خوێندن و یەکخستنی
ساڵنامەی زانکۆکان پەیڕەو دەکرێن.
پێشتر وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایگەیاندبوو كە
ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە ساڵى نوێى خوێندن دەستپێکردووەو پرۆسەى خوێندن
لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە ١ـی ئەیلول بەدواوە بەپێى رۆژمێرى
زانکۆیی زانکۆکان، بەپلان و بەرنامەی گونجاو دەستپێدەکاتەوە.