سەردێڕ:

سەبارەت بە نۆرەگرتنی شۆفێران لەسەرەی بەنزیندا بڕیارێکی نوێ درا

PM:02:07:30/08/2026

1096 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ نۆرەی بەنزین لە شەواندا قەدەغە کرا و هۆشداریش دەدرێتە شۆفێران کە تووشی سزای دارایی دەبن.


ئەمڕۆ ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بڵاویکردەوە، راگرتنی ئۆتۆمبێل لە پێش بەنزینخانە و شەقام و کۆڵانەکان بۆ نۆرەگرتنی بەنزین رۆژێک پێش دابەشکردن بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

باسی لەوەشکرد، ئەم قەدەغەکردنە بەتایبەتی بۆ کاتەکانی شەوان دەبێت، بڕیارەکەش لە پێناو رێگریکردنە لە دروستبوونی قەرەباڵخی و بێزارکردنی هاووڵاتییان لەو ناوچانە.

ئاماژەی بەوەشکرد،  هۆشداریی توند دەداتە شۆفێران سەبارەت بە سەرپێچیکردنی ئەم بڕیارە و بە پێچەوانەوە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆوە تۆمار دەکرێن و سزایان بۆدەنوسرێت.

هاوکات، ماوەیەکە لە هەرێم و بەتایبەتی لە شاری هەولێر، حکوومەتی ماوەبەسەرچوو بەنزینی پاڵپشتیکراو بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکات. بەهۆی هەرزانیی نرخی ئەم جۆرە بەنزینە بەراوورد بە نرخی بازرگانی، زۆرجار قەرەباڵغییەکی زۆر لە بەردەم ئەو بەنزینخانانە دروست دەبێت کە بڕیارە بەنزینەکەی لێ دابەش بکرێت.

 

 













گەلەری