PM:12:03:07/04/2026
600 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەسەر ئەو هێرشە درۆنیەی بووە هۆی شەهیدبوونی دوو هاوڵاتی لە گوندێکی سنووری هەولێر دەڵێت، "بە ئامانجگرتنی هاوڵاتییانی مەدەنی و بێتاوان لە هەرێمی کوردستان، تاوانێکی قێزەون و کارێکی تیرۆریستییە کە بە هەموو پێوەرەکان سەرکۆنە دەکرێت و خوێنی هاوڵاتییان جێی سازش نییە ، پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەڵوێستی کردەیی هەبێت"
ئەمڕۆ سێشەممە ٧ـی نیسانی ٢٠٢٦، سروە عەبدولواحیدم سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا وتی، " بە چ تاوانێک هاووڵاتییانی مەدەنیی بێتاوان بەئامانج دەگیرێن و ئەو کەسانە شەهید دەکرێن کە تەنیا تاوانیان ئەوە بووە بە ئارامی لە ماڵ و شارەکانی خۆیاندا دەژیان؟ هیچ پاساوێک نییە بۆ تێکدانی ئارامی و بە ئامانجگرتنی ئەو خەڵکە مەدەنییە، ئەم هێرشانە وەک دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر مافی مرۆڤ لە ژیان و سەقامگیری و ناکرێت لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێدەنگی هەڵبژێردرێت".
وتیشی، داوا لە
حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات کە بەرپرسیارێتییە یاسایی و نیشتمانییەکانی خۆی لە
پاراستنی گیانی هاوڵاتییان جێبەجێ بکات، هەروەها چیتر بەیاننامەی سەرکۆنەکردن بەس
نییە، بەڵکو دەبێت حکومەت رێکاری توند و دەستبەجێ بگرێتە بەر.
ئاماژەی بەوەشکرد،
پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئاسایشی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بپارێزێت و ئەو
لایەنانە بدۆزێتەوە کە لەپشت ئەم هێرشەوەن و راوەدوویان بکات، هەروەها بە یەکجاری
رێگر بن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە.
باسی لەوەشکرد،
پەرلەمانی عێراق خراوەتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و ئەخلاقی، کە دەبێت
هەڵوێستێکی روون و توندی هەبێت کە لە ئاستی قەبارەی هێرشەکاندا بێت، هەروەها خوێنی
هاوڵاتییان جێگەی سازش نییە و پاراستنی ئاسایشی هەموو ناوچەکانی عێراق ئەرکێکی
نیشتمانییە و نابێت کەمتەرخەمی تێدا بکرێت.