سەردێڕ:

راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە؛ لەبارەی هێرشەکانی سەر سۆران

AM:11:44:24/03/2026

968 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمرۆ لە دوو هێرشی جیاواز دا ، بارەگایەکی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی شەش موەشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا شەش پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ٣٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون".


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی ئازاری ٢٠٢٦، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، " لە کاتێکدا کە بە توندترین شێوە ئەم هێڕشە و هەموو هێڕشە تیروریستیانەی تر کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بە هیچ جورێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت".

باسی لەوەشکرد، پرسە و سەرەخۆشییان ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەن و هیوای چاکبوونەوەی خێراش دەخوازن بۆ بریندارەکان و جارێکی دیکەش داوا لە هەموو لایەک دەکەن، شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان بە دوور بگرن و داواش لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستان دەکەن بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت.


 













گەلەری