سەردێڕ:

قالیباف: تا ئێستا هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا نەکراوە

PM:07:36:23/03/2026

916 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ واشنتن دەکەن و دەڵێت، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە تەنیا بۆ یاریکردنە بە بازاڕەکانی نەوت و دارایی جیهان و هەوڵێکە بۆ رزگارکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو زۆنگاوەی تێیدا گیریان خواردووە.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ـی ئازاری ٢٠٢٦، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و وتی، "هیچ جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام نەدراوە."

دەشڵێت، بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە وەک "هەواڵی ساختە" بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی کاریگەری بخرێتە سەر بازاڕە داراییەکان و نرخی نەوت، هەروەها هەوڵێکە تاوەکوو ئەمریکا و ئیسرائیل لەو قەیرانە قووڵە دەرباز بکەن کە بەهۆی جەنگەوە رووبەڕوویان بووەتەوە.

جەختیشی کردەوە، گەلی ئێران داوای سزادانی تەواوەتی و پەشیمانکەرەوەی دەستدرێژیکاران دەکەن و "تەواوی بەرپرسانی ئێران بە توندی لە پشت رێبەری باڵا و گەلی خۆیان وەستاون تا ئەو کاتەی ئەم ئامانجە سزادانی دوژمنان بەدی دێت.

هاوکات ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پشتڕاستی کردەوە کە لە رێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە پەیامی ئەمریکایان بۆ ئەنجامدانی دانوستان و کۆتاییهێنان بە شەڕ پێگەیشتووە، بەڵام هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن ئەنجام نەدراوە.

ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە پێشتر میدیاکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە قالیباف ئەو کەسایەتییە باڵایەیە کە دۆناڵد ترەمپ باسی دەکات و گوایە لەگەڵ شاندەکەی واشنتن گەیشتووەتە رێککەوتنی بەرایی













گەلەری