PM:04:08:07/02/2026
1260 جار خوێندراوەتەوە
لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە هەولێر دوو کرێکار لە کارگەیەکی دروستکردنی ئیزوگام لەکاتی پاککردنەوەی تەنکییەکی قیر کەوتنە ناو تەنکییە قیرەکەوە و بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە خنکان.
ئەمڕۆ شەممە ٧ـی شوباتی ٢٠٢٦، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، رووداوەکە لە کاتی پاککردنەوەی تەنکییەکی قیردا روویداوە، ئەو دوو کرێکارە لە کاتی چوونە ناو تەنکییەکە، تووشی کەمیی ئۆکسجین بوون و نەیانتوانیوە خۆیان رزگار بکەن، لە ئەنجامدا هەر لەوێدا گیانیان لەدەستداوە.
سەبارەت بە
ناسنامەی کرێکارەکان، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لەو بارەیەوە باسی لەوەکرد، کرێکارەکان یەکێکیان ٢٦
ساڵە و خەڵکى ئێرانە، ئەوەى تریشیان تەمەنی ٣٠ ساڵە و خەڵکی بەنگلادیشە.
هاوکات بەرگری شارستانی هەولێریش لەبارەی دەرهێنانی تەرمەکانەوە وتی، بەهۆی ئەوەی
تانکییەکە غازی کوشندەی تێدایە بۆیە بە ئاسانی ناتوانن تەرمەکان دەربهێنین دەبێت بە
شێوەیەکی سەلامەت هەوڵبدەین ئەو بابەتە چارەسەر بکەن.
بە وتەی بەرگری شارستانی هەولێر، لەکاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی ئەو دوو کرێکارە
و بڕینەوەی پلێتی تانکییەکە تەقینەوەیەکی گەورەش روویداوە، بووەتە هۆی ئەوەی ئەو
دوو کەسە لەناوەوە سووتاون و زیاتر جەستەیان شێواوە.
ئومێد چۆمانی - هەولێر