سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی ئێران: خوازیارین متمانە لە نێوان تاران و واشنتن دروستببێت

PM:01:00:07/02/2026

784 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دانوستانەکان ناڕاستەوخۆبوون و پەیوەستبوون بە پرسی ئەتۆم، پیتاندنی یۆرانیۆم مافی ئێرانە و سفرکردنەوەی لە دەرەوەی دانوستانەکاندایە، خوازیاریشن متمانە لەنێوان تاران و واشنتن دروستببێت لە دانوستانەکاندا.


ئەمڕۆ شەممە ٧ـی شوباتی ٢٠٢٦، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا وتی، دانوستانەکان ناڕاستەوخۆبوون و تەنها پرسی ئەتۆم تاوتوێکرا.

وتیشی، پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی رەوایە و سفرکردنەوەی توانای پیتاندن و دەوڵەمەندکردن لە دەرەوەی دانوستانەکاندایە، ئەوان لەڕێگەی بۆردومانەوە نەیانتوانی تواناکانی ئێران لەناوبەرن و دانوستانیش هەروادەبێت و واشنتن دانی بەوەداناوە کە بەڕێگەی سەربازیی بۆی چارەسەرنەکراوە و دەبێت بە دانوستان چارەسەر بکرێت.

عەراقچی جەختی لەوەکردەوە کە دەستبەرداری پرسی ئەتۆم نابن و راددەی پیتاندنی یۆرانیۆمیش بەندە بە پێویستییەکانی ئێرانەوە و هیچ یۆرانیۆمێکی پیتێندراویش لە ئێران ناچێتە دەرەوە، لەبارەی بابەتی موشەکیشەوە وتی، بابەتی موشەک پرسی بەرگرییە و دانوستانی لەسەر ناکرێت.

عەباس عەراقچی وتیشی دانوستانەکان سەرەتایەکی باشن، لەگەڵ ئەوەشدا رێگەیەکی دوورودرێژیان لەپێشە تا متمانە لەنێوان تاران و واشنتدا دروستببێت.













گەلەری