ئەمڕۆ لە شاری هەولێر فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کۆبووەوە و جەختیان لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی هەسەدە و دیمەشق كردەوە.
ئەمڕۆ هەینی ٦ـی شوباتی ٢٠٢٦، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە لە هەولێر لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کۆبووە و باسیان لە گرنگی پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەكان و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد كردووە لە سوریا.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، وڵاتەکەی پاڵپشتی خۆی بۆ جێبەجێکردنی
رێککەوتنەکە دووپات کردەووتەوە، جەختی لەسەر گرنگی ئەم قۆناغە کردەوە لە پتەوکردنی
سەقامگیری و بەردەوامیی شەڕ دژی تیرۆر.
مەزڵوم عەبدیش وتی، پابەندن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ٢٩ـی كانوونی
دووەم و هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و دەستەبەرکردنی ئاسایشی
ئەو دامەزراوانەی کە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان تیایدا راگیراون.
هاوکات، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە دەڵێت، کۆبوونەوەکە بە بەشداری
مەزڵوم عەبدی و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، رۆهڵات عەفرین، فەرماندەی (یەپەژە) و
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر بووە.
وتیشی، لە كۆبونەوەكەدا باسیان لە رێگا و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی
رێککەوتنی ٢٩ـی كانوونی دووەم کردووە و جەختیان لە پێویستی جێبەجێکردنی كردووە
بەشێوەیەكی تەواوەتی و گفتوگۆیان کردووە لەبارەی بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکان، لە
روبەڕوبوونەوەی داعش و پاراستنی ئاسایشی دامەزراوەکانی دەستبەسەركردنی چەکدارانی
داعش و کەسوکارەکانیان.
هەروەها، باس لە گرنگی
پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەكان و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سوریا
کرا، وێڕای لە یەکخستنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بە هەموو وردەکارییەکانییەوە بە
شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی سەرتاسەری ناوچەکە بکات.