رێکخراوی رێگای ئازادی سەبارەت بە داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەوان لە رێکخراوی رێگای ئازادی بە نیگەرانییەکی قووڵەوە دەڕواننە هەڵمەتی داخستنی نووسینگەکانی دامەزراوەی میدیایی نالیا (NRT) لە شارەکانی هەولێر و دهۆک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.
رێکخراوی رێگای ئازادی وتی، ئەم جۆرە هەنگاوانە، پاشەکشەیەکی مەترسیدارن بۆ پرۆسەی دیموکراسی و ئازادیی کاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان و داخستنی دامەزراوەیەکی میدیایی بەبێ رێکارە یاساییە روونەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ (یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان)، پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە دەستوورییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤە.
ئەوان لە
رێکخراوەکەیان جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەنەوە:
١- سەروەریی یاسا: پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر
دەزگایەکی میدیایی لە چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەگەریدا بێت، نەک لە ڕێگەی
بەکارهێنانی هێز و بڕیاری سیاسیی پێشوەختە.
٢- پاراستنی
ئازادیی ڕادەربڕین: ئازادیی میدیا کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگەی مەدەنییە؛ هەر هەوڵێک
بۆ بێدەنگکردنی دەنگە جیاوازەکان، ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی
نێودەوڵەتی لەکەدار دەکات.
٣-داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە
پەیوەندیدارەکان دەکەن، دەستبەجێ رێگە بدەن بە نووسینگەکانی ئێن ئاڕ تی کە دەست بە
کارە پیشەییەکانی خۆیان بکەنەوە و پارێزبەندی بۆ تیمە رۆژنامەوانییەکان دابین
بکرێت.
داوا لە نوێنەرایەتی وڵاتان، نەتەوە
یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە ئازادیی میدیا دەکەن،
هەڵوێستی جیددیان هەبێت بەرامبەر بەرتەسککردنەوەی پانتایی ئازادی لە هەرێمدا و
ئەوان لە رێگای ئازادی، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی دۆخەکە و پشتگیری لە هەموو
ئەو دەنگانە دەکەن کە کار بۆ گەیاندنی راستییەکان دەکەن.