PM:10:24:31/01/2026
1236 جار خوێندراوەتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی دوای كۆبونەوەی ئەمشەوی رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران پرسێکی دەستوریی تەواو عێراقییە و بەپێی میکانیزمەکانی پرۆسەی سیاسی و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی ئەنجامدەدرێت، هەروەها جەختیکردەوە لەسەر پابەندبونی خۆی بە کاندیدكردنی نوری مالیکی بۆ سەرۆک وەزیران.
ئەمڕۆ شەممە ٣١ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦،چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمشەو کۆبونەوەی ژمارە ٢٦١ ی خۆی لە نوسینگەی مالیکی ئەنجامدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان و لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشکرایکرد، کە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران پرسێکی دەستوریی تەواو عێراقییە و بەپێی میکانیزمەکانی پرۆسەی سیاسی و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی ئەنجامدەدرێت، دور لە هەر دەستوەردان و سەپاندنێکی دەرەکی.
هاوکات چوارچێوەکە جەختی لە پەرۆشیی خۆی کردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ هێزە کاراکانی جیهان؛ پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای ڕێزی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ بێت. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و توانای بەڕێوەبردنی شایستە سیاسییەکانی خۆی هەیە بەپێی دەستور و ئیرادەی نوێنەرانی گەلەکەی.
هێزە شیعییەكانی عێراق جەختیانکردەوە لەسەر پابەندبونی خۆیان بە كاندیدیكردنی، نوری مالیکی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، كە پشكی شیعەكانە.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لە گرنگیی ڕێزگرتن لە وادە دەستورییەکان و پابەندبون پێیانەوە لە کاتە دیاریکراوەکاندا کردەوە، داواشی لە هەموان کرد کە ئەوپەڕی هەوڵەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان بێت.