سەردێڕ:

خوێندکارانی پۆلی ١٢ دژی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە گردبوونەوە

PM:04:06:31/01/2026

1328 جار خوێندراوەتەوە

خوێندکارانی پۆلی ١٢ـی زانستی لە دژی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە گردبوونەوە و دەڵێن، داواکارن وەک ساڵانی رابردوو هەژمارکردنی کۆنمرەی وانەی کوردی و عەرەبی ئارەزوومەندانە بێت، پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێش دەڵێت، "وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ پشتگیری تەواوی خوێندکاران دەکەین و لەگەڵ ئەوەدانین هیچ بڕیارێک بدرێت کە لە بەرژەوەندی خوێندکاراندا نەبێت".


ئەمڕۆ شەممە ٣١ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە سلێمانی دژی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە گردبوونەوە و داوادەکەن وەک ساڵانى پێشوو، هەردوو وانەى کوردى و عەرەبى بۆ بەشى ١٢ زانستى ئارەزوومەندانەبێت بۆ هەژمارکردنى کۆنمرە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، دەیانەوێت نمرەکانى ئەو دوو وانەیەیان بۆ هەژمار نەکرێت و تەنیا دەرچوون هەبێت، چونکە ئەوان مێشکێکى زانستیان لەسەرە و ئەو دوو وانەیەش زیاتر وێژەین.

هاوکات ئەکبەر غەریب، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەناو خوێندکارانەوە قسەی کرد و وتی، لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفتی پەروەردەیی گەورە هەیە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە کۆمەڵێ بابەتی ترەوە سەرقاڵە.
ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ باسی لەوەشکرد، ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ پشتگیری تەواوی خوێندکاران دەکەین و لەگەڵ ئەوەدانین هیچ بڕیارێک بدرێت کە لە بەرژەوەندی خوێندکاراندا نەبێت.













گەلەری