سەردێڕ:

ساڵی رابردوو زیاتر لە ١٦ هەزار منداڵ لە هەولێر لەدایکبوون

PM:02:56:31/01/2026

900 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی ژنان و لەدایکبوونی هەولێر، ئامار و ژمارەی لەدایکبوونی ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ١٦ هەزار حاڵەتی لەدایکبوونی سروشتی و نەشتەرگەری تۆمار کراوە.


ئەمڕۆ شەممە ٣١ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، شادان شێروان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ژنان و لە دایکبوونی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وتی، "لە ساڵی رابردوودا ١٦ هەزار و ٦٧٦ منداڵ لە نەخۆشخانەکەمان لە دایکبوون، لەو ژمارەیەش ١٠ هەزار و ٢١٦ حاڵەتییان بە لەدایکبوونی سروشتی بووە و شەش هەزار ٤٦٠ حاڵەتیش لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە بووە."

سەبارەت بە رەگەزی منداڵەکان، ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی کوڕ هەشت هەزار و ٤١٧ منداڵ بووە، لە بەرامبەردا هەشت هەزار و ٢٥٩ کچ لەدایکبوون، دەشڵێت، ٤١٦ حاڵەتی لەدایکبوونی دووانە و ١٠ حاڵەتی سیانە تۆمار کراون.

باسی لەوەشکرد، ژمارەی حاڵەتەکانی مانەوە لە نەخۆشخانە ٣٥ هەزار ٤١٧ حاڵەت بووە، هاوکات شەش هەزار و ٣٦١ نەشتەرگەری گەورە کراوە، هەزار و ٤٤٧ نەشتەرگەری مامناوەند و ٣١٧ نەشتەرگەری بچووک ئەنجام دراون.













گەلەری