نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەی زیاتردایە و ریکۆرد نوێ تۆمار دەكات، ئەوەتا بۆ یەکەمجار ئەمڕۆ نرخی یەك ئۆنسەی زێڕ پێنج هەزار و ٢٦٥ دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵدا لە ئاستی بۆرسەی جیهانی.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، نرخی زێڕ بەردەوامە لە تۆمارکردنی ئاستی پێوانەیی و تەنها لە ماوەی مانگێکدا هەر ئۆنسەیەک زێر هەزار دۆلار نرخەکەی بەرزبووەتەوە، ئەمڕۆش یەک ئۆنسە زێر بە پێنج هەزار و ٢٦٥ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەم هەڵکشانە
هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییە جیۆسیاسییەكان و پێشبینیکردنی بڕیاری
سیاسەتی دراوی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا.
کێلڤین وۆنگ،
شرۆڤەکاری باڵای بازاڕ لە کۆمپانیای ئۆندا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی زێڕ
پەیوەستە بە "پەیوەندی پێچەوانەی بەهێزی نێوان ئەو و دۆلارەوە".
شڕۆڤەكارانی
بازاڕی زێڕی جیهانی پێشبینیی ئەوەیان كردووە، تا كۆتایی ئەمساڵ نرخی یەك ئۆنسە
بگاتە شەش هەزار دۆلار.
ئاماژەی بەوەش
کرد، دەستکەوتە بەرچاوەکانی دوێنێی ئەم کانزایە لە بازاڕی ئەمریکا دوای لێدوانێکی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هات سەبارەت بە دابەزینی نرخی دۆلار.
لە بازاڕی
كوردستانیش نرخی زێڕ و زیوویش بەرزە و دوێنێ لەگەڵ داخستنی بازاڕ لە ئێوارەدا نرخی
یەك مسقال زێڕی عەیار ٢١ بە یەك ملیۆن و ١٢٥ هەزار دینار لە هەولێر مامەڵەی
پێوەكرا و هێشتاش نرخی ئەمڕۆ رانەگەیاندراوە.