سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری دەداتە دەسەڵاتدارانی عێراق سەبارەت بە ئەگەری دووبارە دەستبەکاربوونەوەی نووری مالیكی وەک سەرۆکوەزیران.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، ترەمپ لە پەیامێکی(تروس سۆشیال) رایگەیاند، گەرانەوەی مالیكی بۆ لوتکەی دەسەڵات، هەڵەیەکی کوشندە دەبێت و واشنتن ناچار دەکات تەواوی هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانی بۆ عێراق رابگرێت، ئەمەش وڵاتەکە بەرەو شکستێکی هەمیشەیی دەبات.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی تونددا، ئاماژەی بەوەشکرد، بیستوویەتی عێراق لەبەردەم بڕیارێکی زۆر خراپدایە بۆ دامەزراندنەوەی نووری مالیكی لە پۆستی سەرۆکوەزیران.
ترەمپ وەبیرهێنایەوە، لە سەردەمی حوکمڕانیی پێشتری مالیكیدا، عێراق نوقمی هەژاری و پشێوییەکی سەرتاسەری بوو، بۆیە جەختی کردەوە لەوەی، نابێت جارێکی دیکە رێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەو دۆخە بدرێت. ترەمپ راشکاوانە رایگەیاند کە بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا مەترسیدارەکانی مالیكییەوە، ئەگەر ناوبراو هەڵبژێردرێت، ئەمریکا چیتر هاوکاریی عێراق ناکات.
ترەمپ هۆشداریی دا کە بەبێ پشتیوانی و ئامادەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عێراق هیچ چانسێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن و پاراستنی ئازادی نامێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا داوای لە عێراقییەکان کرد، بڕیارێکی ژیرانە بدەن بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان بەرەو پێشکەوتن بەرن و پەیامەکەی بە دروشمی عێراق جارێکی تر مەزن بکەنەوە،کۆتایی پێهێنا، کە ئەمە وەک گوشارێکی راستەوخۆ بۆ سەر پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە بەغدا دەبینرێت.