سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی کاتیی سوریا ئەنجامداوە، ئەمەش لە كاتێكدا شەرع سبەی سەردانێكی فەرمی بۆ روسیا ئەنجامدەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی، "گفتوگۆیەکی نایابم لەگەڵ سەرۆکی سوریا ئەنجامدا.
دەشڵێت، واشنتن سەرقاڵی هەوڵی دیپلۆماسی چڕ و پڕە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و چارەسەری سیاسی لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد کە سەردەمانێک هاوپەیمانی سەرەکی واشنتن بوو لە سوریا و شەرع، کە ئێستا بووەتە هاوبەشی دڵخوازی ئەمریكا.
هاوکات لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریاش بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی درێژخایەنی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپەوە پێگەیشت، تێیدا باسیان لە پێشهاتەکانی قۆناغی راگوزەریی سوریا و هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاسۆی هاوکاری دوو قۆڵی کرد کە خزمەت بە سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکات.
بە گوێرەی ئاژانسەكە، شەرع پابەندبوونی تەواوی سوریای بە یەکپارچەیی خاکی و سەروەری نیشتیمانی دووپاتکردەوە، هەروەها پەرۆشی دەوڵەتی بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی و بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی دەربڕی، هەروەها جەختی لە گرنگی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، کە لە پێشەنگییان داعش بوون، دووپاتکردەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەست کرد و بە هەنگاوێکی سەرەکیی زانی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و دەستخۆشی لە لێکتێگەیشتنە ئاڵۆزەکان کرد سەبارەت بە یەکخستنی هێزە سەربازییەکان لەوان هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.