PM:06:13:18/01/2026
776 جار خوێندراوەتەوە
وەزیری راگەیاندنی سوریا رایگەیاند، وڵاتەکەی چاوەڕێی راگەیەندراوێکی زۆر گرنگ دەکات کە پەیوەندیی بە ئایندەی سەربازی و سیاسیی ناوچەکە و چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)وە هەیە، بە جۆرێک کە ئەو هێزانە بە تەواوەتی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا جێگیر دەکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، حەمزە مستەفا، وەزیری راگەیاندنی سوریا رایگەیاند، بڕیارە دوای کاتژمێر ـشەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، زانیاری و وردەکاریی گرنگ دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست بڵاوبکرێتەوە، تەوەرەی سەرەکیی ئەم راگەیەندراوە چاوەڕوانکراوە، بریتیدەبێت لە رێککەوتنی کۆتایی بۆ تێکەڵبوونەوەی تەواوەتیی هێزەکانی هەسەدە لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سوریادا.
ئاماژەی بەوەشکردووە،
ئێستا راوێژ و گفتوگۆ چڕەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن و گەیشتوونەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە،
کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە ناکۆکییە چەکدارییەکان و گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی بۆ
دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکانی وڵات.
داهاتووی هێزەکانی
سوریای دیموکرات (هەسەدە) و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندایە،
بۆ ماوەی چەندین ساڵ یەکێک بووە لە گەورەترین گرێکوێرەکانی قەیرانی سوریا، لە کاتێکدا
دیمەشق هەمیشە جەختی لەسەر گەڕانەوەی هەموو هێزە چەکدارەکان بۆ ژێر فەرمانی سوپای
سوریا کردووەتەوە، هەسەدەش داوای پاراستنی تایبەتمەندیی سەربازی و دانپێدانانی سیاسیی
کردووە، گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ تێکەڵبوونی تەواوەتی، دەکرێت ببێتە وەرچەرخانێکی
گەورە لە کۆتاییهێنان بە ململانێ نێوخۆییەکانی سوریا و گۆڕینی نەخشەی هاوسەنگیی هێز
لە باکوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا.