سەردێڕ:

پیاوى پێشووى نەتەوەکان و یەکگرتن بۆ دژى رێکەوتنە؟

PM:10:56:19/01/2026
476 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+ -

چرکەساتێک تێپەڕدەبێت، ناوچەکە پڕیەتى لەڕوداوى گەرم و ئەگەرى چاوەڕوانکراو نەکراو، پرسى کورد لەسوریا کەوتۆتە بەر مەترسى گەورەوە، بەهۆى نەبوونى دامەزراوەى دەوڵەتى و پەکخستنى دەزگاکانى دیکە لەهەرێم لەوانە پەرلەمان و حکومەت و نەبونى بودجە و شەفافیەت و بەربڵاوى بەردەوامى گەندەڵى و دەیان قەیرانى تر، ترسى پەڕینەوەى بەشێک لەمەترسیەکان بۆ باشوور دەکرێت, کە خێراتر چارەنووسەکە یەکلایى بکاتەوە بەجۆرێک وەک کورد دەڵێت گەستنى پەنجەش دادى کەس نەدات، لەکاتێکدا شیعەکانى عێراق باشتر دەیانەوێت ئامادە و یەکڕێزبن، سوننەکان ناکۆکیەکانیان وەلادا خستووە، پێکهاتەکانى پتەوتر دەردەکەون.

ئەوەى ماوەتەوە و چاوى نەگبەتى زیاترى لەسەرە، لێکترازانى هەرێمە بەهۆى بەرژەوەندییە حزبیەکانى دوو حزبى دەسەڵاتەوە، بەتایبەتى تر کە ئێستا پارتى تۆمەتبار دەکرێت بەڕێگرى لەیەکڕێزى کورد و ڕاگرتنى هاوسەنگیەکى سەپێنراو، لەم دۆخەدا کە کورد لەباشوور لەهەموو کات زیاتر، کە لەسەد ساڵى ڕابردوودا شێوەى نەبووە، پێویستى بەیەکڕێزى و ڕێکەوتنى نێوان حزبەکانە، لەو تەنگەژەیەدا، شاسوار عەبدولواحید بێ پشوودانى دواى دەرچوونى لە زیندان، خێرا دەستپێشخەرییەکەى ساڵى ڕابردوو ڕادەیەگەێنێتەوە وەک دەرەچەیەک بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە چەقبوەستووە کە هەرێمى گیرۆدە کردووە و هاوڵاتیانى بێ ئومێدکردبوو لەهەر گۆڕانکاریەکى باش، بەڵام بەو ڕێکەوتنە زارەکیەى کە هەنگاوى بۆ نراوە و لەقۆناغى یەکەمدا یەکێتى هات بەدەمیەوە، تەنانەت چەند خەڵکانێکى ناڕازیش کە پێشتر ڕەخنەکانیان توندبوون لەسەر ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، ئەم هەنگاوە بەباش و پێویست بۆ قۆناغەکەى وەسفدەکەن، بەو پێیەى ڕێکەوتنەکە کە دەیەوێت، بەچەکى شەفافیەت و بودجە و گەڕانەوەى هاوسەنگى و هەیبەت بۆ ئەو دەزگایانەى لەتەنگەژەکاندا دەتوانێت هەرێم بپارێزێت لەوانە پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنە باڵاکان، گەر بەشێوەیەک هاوسەنگ بکرێنەوە خزمەتى هاوڵاتیانى تێدا ڕەچاو بکرێت و کۆتایى بەقۆرخکارى تێاندا بهێنرێت ، بەشێوەیەک هاوڵاتى هەستبکات نمایندەى چارەسەرکردنى کێشەکانى ئەو دەکەن، ئەوکات بەشداردەبێت لەبەرەنگاربونەوەىهەر مەترسیەک ڕوو لەهەرێم بکات.

جێى داخە لەم لەم دۆخە چارەنوسسازەدا( پەرلەمان کار نیە، حکومەت پێکنەهاتووە، موچە بەتەواوەتى گەرەنتى نەکراوە، قەیرانى زیاتر کەڵەکە بووە…تد) ئەوانەى سودمەندى ئەم دۆخە چەقبەستبووەن، ئاساییە بەلایانەوە بیانەوێت درێژە بکێشێت، بۆ ئەو مەبەستەش جۆرەها ڕێگا دەگرنە بەر، تا دژایەتى چارەسەرێک بکەن کە تەرح بکرێت،جارێک بەمەترسى و جارێک بەمانۆڕ و جارێکى تر بەناونیشانى زەقتر وەسفى بکەن.

بەڵام لەنێو ئەو ڕێگا سەیرانەدا، بانگهێشتکردنى زاڵماى خەلیلزادە کە پێشتر پۆستى لەنەتەوە یەکگرتووەکان هەبووە و باڵێوز و نێردەى ئەو دامەزراوە بووە، بۆئەوەى لەمیدیایەکى دەسەڵاتەوە قسە لەسەر ڕێکەوتنەکە بکات و بەسەیر یان مەترسى بیزانیت و هەروەها تۆمەت ئاڕاستەى شاسوار عەبدولواحیدیش بکات و وەکو کادیرێکى حزبى لەسەر ڕوداوێکى ناوخۆى هەرێم کە ڕێکەوتنە دەربکەوێت و بدۆێت…!

چى واى لەخەلیلزاد کردووە ئەو هەڵوێستە بنوێنێت..؟ بۆچى دەبێت ڕێکەوتنى دوو حزبى کورد کە ئامانجەکەى بۆ خەڵکە بەخراپ و سەیر بزانێت..؟

بۆچى خەلیلزاد دژى گەڕانەوەى هاوسەنگى لە هاوکێشە سیاسەکانى هەرێم بێت کە بەوهۆیەوە و لەساڵانى ڕابردوودا بۆتە سەرچاوەى سەرەکى زۆربەى قەیرانەکانى هەرێم…!

حزبێکى کردۆتە سەردار و هەژمونى بەسەر هەموو شتێکى هەرێمدا کردووە و ئەوانى دیکەشى کردۆتە بندار و پاشکۆ خۆى..! لەدۆخێکى هەستیارى وەها دا کە ڕووى لەناوچەکە کردووە و هەرێم پێویستى بەگەڕانەوەى ئەو هاوکێشە هەیە بۆ ئەوەى کێشەى (دارایى، شەفافیەت، بودجە، نادادى نێوان شارەکان، دامەزراندن، بەحزبى سیاسى کردنى قەزا و دامەزراوەکان ، نەمانى متمانە...تد) چارەسەر بکرێت و هەستى هاوڵاتى بوون بۆ خەڵکى بگەڕێتەوە، بۆچى ئەم ڕێکەوتنە مەترسى بێت و لەم نێوانەدا خەلیلزاد چ دەدۆرێنێت گەرئەو

دۆخە چارەسەر ببێت و سێ حزب یان پێنج حزب ڕێکبکەون و کابینەیەکى نوێ تەشکیل بکەن..؟

ئەو وەکو دیپلۆماتکارێکیش ڕۆڵى بینێنیت بۆچى ڕێکەوتنى بەلاوە سەیر و خراپ بێت کە خۆى لەدەزگاى نێو دەوڵەتى کارى کردووە پاشگرە سەرەکیەکەى یەکگرتنە..!

یان ئەمە دەمانبات بۆ لاى ئەو گومانانەى کە زۆرێک لەو بیانانەى کە پێشتر دەورى سیاسیان هەبووە و پێیەکیشیان لەنێو بازرگانیدا بووە و تۆمەتى ئەوەیان دراوەتە پاڵ لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمدا دەستیکێان تێکەڵاو کردووە و لەقازانج و خێرى و بێرى ئەم هەرێمەیان بردووە و دەیانەوێت ئەو هاوسەنگیەش لەوان تێکنەچێت..!

بەتایبەتى قسە و زانیارییە میدیایەکان لەناوەندى ئەمریکیدا و لەساڵانى ڕابردوودا لەسەر خەلیلزاد زۆربووە، کە ڕۆڵى سیاسى خۆى بۆ بازرگاکانى کردن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییە نەوتیەکاندا کە لەهەرێم و ناوچەکە ئیش دەکەن بەکارهێناوە، ڕاستە ئێستا ئەو کەسێکى خانەنیشنە و ئازادە لەدەربڕینى ڕاوبۆچونى، بەڵام ئەو هەڵوێستەى دەریدەخات، ئەو تۆمەتانەى پێشتر لەمیدیا جیهانیەکاندا لەسەرى بڵاو کراوەتەوە، ڕەگێکى هەیە و گومانى ئەوە بکرێت کە هەڵوێستەکانى پەیوەندى بەو بەرژەوەندییە ئابوریەوە هەیە لەڕێگەى ئەو کۆمپانیا نەوتیانەوە کە ئەو وەکو ڕاوێژکار کارى تێدا کردووە یا سەروکارى لەگەڵیدا بووە..! تەنانەت لەزانیارییە میدیاکاندا پێشتر ئاماژە بەوە کراوە، لەکێشە و ناکۆکیەکانى کۆمپانیا نەوتیەکانى هەرێمدا، ئەو وەکو پارێزەرێکى چەند کۆمپانیایەک دەرکەوتووە کەدواتر وەکو ڕاوێژکار کارى لەگەڵ کردوون یاخود پەیوەندیەکى بازرگانى هەبووە لەگەڵیاندا..

گەر کاردانەوەکانى ئەمجۆرە کەسایەتیانە کە ئێستا وەکو لۆبى کردنى حزبێک لەدژى ئەو ڕێکەوتنە پیشاندەرێت گوایە کەسایەتیەکى جیهانى تێبینى لەسەر ئەو ڕێکەوتنە ناوخۆییە هەیە کە یەکڕێزى بەرجەستە دەکات لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەوا مەبەستى کاردانەوەکان دەردەکەون بۆ تێکنەچوونى ئەو هاوسەنگیەى کە زۆر کەس لەبەرەکەى دەخوات و دەشیەوێت تێکنەچێت و وەکو خۆى بمێنێتەوە، ئەو هاوسەنگیەى کە چەندین ساڵە کراوەتە مۆتەکە و هەژدیهاى خەڵکى هەژارى کوردستان و موچەخۆران ، بەدەستیەوە دەناڵێنن و ئەنجامەکەشى بێ موچەى و گرانى بازاڕ و دانەمەزراندنى گەنجان و نەبونى شەفافیەت و بودجە و هەڵتۆقینى نادادیەکى کاریگەرتر و...تد بووە، ئێستا ئەم هاوسەنگیە تێکچبێت و هاوسەنگى بەرژەوەندیەکانى خەڵکى کوردستان بگەڕێتەوە کێ زیانى پێ دەگات..؟

وەک دەوترێت عیبرەت لەکرداردایە، ئەوەى کار بۆ بەرژەوەندییەکانى خەڵکى دەکات، ئازارى ناخ و وێژدان دەیهەژێنێت و جوڵەى پێ دەکات و گوێى لەقوربانیەکانیش نیە لەو پێناوەدا و ئەوەشى بەرژەوەندیەکانى دەیجوڵێنێت، هەمیشە شتێک نابینێت ناوى خەڵکى و پێداویستى و مافەکانى بێت..! هەر بۆیە دوور لەموعاناتى خەڵکى قسە دەکات، ئەمەش لە ئەزمونى ئەو دەسەڵاتانەدا هاتووە کە لەبەردەم توڕەى و ناڕەزایەتى خەڵکەکەیدا بوونەتە مێژوو و هاوشێوەکانیشى لەسەر درەنگى و زووى ماونەتەوە..!

گەلەری