هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ بە فەرمی بوونە براوەی خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین هاندەری جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٥، وەک هەڵوێستێک بۆ ئەو کارە مرۆییەی لە یاریگادا نواندیان.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە مەراسیمی خەڵاتەکانی (The Best)ـی فیفا، هاندەرانی زاخۆ وەک باشترین هاندەری جیهان دەستنیشانکرا بۆ ئەمساڵ.
ئەمە دوای ئەوە دێت، ١٣ـی مانگی ئایار، پێش دەستپێکردنی یاری
نێوان زاخۆ و یانەی حدود لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، هاندەرانی زاخۆ هەزاران
بوکەڵە و یاری منداڵانیان فڕێدایە ناو یاریگا وەک پاڵپشتییەک بۆ منداڵانی توشبووی
نەخۆشی شێرپەنجە و دواتر یارییەکان کۆکرانەوە و بەخشران بەو منداڵانە.
هاوکات، هاندەرانی زاخۆ، ئەلیخاندرۆ سیگانۆتۆ و مانۆلۆ ئێل بۆمبۆی هاندەری
سەرسەختی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، هاوشانی هاندەرانی زاخۆ پاڵێوراوبوون بۆ بوون بە
براوەی خەڵاتەکە و دواجار هاندەرانی زاخۆ بوونە براوەی خەڵاتەکە کە خەڵاتێکی
جیهانی و فەرمییە و لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی جیهانییەوە دابەشدەکرێت.
فیفاش دەڵێت، ئەم خەڵاتە دەدرێت بەو
هاندەرانەی کە هەڵوێستێکی مرۆیی کاریگەر تۆمار دەکەن و براوەکە لەڕێی دەنگی لیژنەی
شارەزایانی تۆپی پێ و دەنگدانی راستەوخۆی جەماوەر لە ماڵپەڕی فیفا دیاریکراوە.