سەردێڕ:

حکومەتی عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندی کرێکاران دەرکرد

PM:01:21:03/12/2025

892 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق پەیڕەوی تایبەت بە دامەزراندنی کرێکارانی بیانی راگەیاند و جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارێکی حکومەت کردەوە، کە تێیدا هاتووە پێویستە عێراقییەکان ٨٠٪ـی هێزی کار پێکبهێنن، لە بەرامبەردا کرێکارانی بیانی تەنیا ٢٠٪ پێکبهێنن.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە میدیای فەرمی عێراقی وت، وەزارەتەکە کۆمەڵێک پێوەری بۆ رێکخستنی دامەزراندنی کرێکارانی بیانی داناوە، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی دامەزراندنی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی هەلی کار بۆ عێراقییەکان.

روونیشیکردەوە، لە دیارترینی ئەو پێوەرانە، مەرجی ئەوە هەیە کرێکارانی بیانی خاوەنی بڕوانامەی ئەزموون بن کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیانەوە پشتڕاستکرابێتەوە، جگە لەوەش نابێت ئەو پسپۆڕییەی هەیانە، لە داتابەیسی پلاتفۆرمی (مهن – پیشە)ی وەزارەتدا بەردەست بێت، کە زانیاری لەسەر ئەو کارخوازانەی عێراقی تێدایە، کە لێهاتوویی و ئەزموونیان هەیە کە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆدا بگونجێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، خاوەنکارانیش پێویستە پابەندبن بەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دەرچووە، کە دیاریکراوە بۆ دامەزراندنی چوار کرێکاری عێراقی بۆ هەر کرێکارێکی بیانی، لە ئەنجامدا ٨٠٪ـی هێزی کاری عێراقی و تەنیا ٢٠٪ـی کرێکاری بیانی.













گەلەری