کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆی وەک وادەی ئەنجامدانی تیروپشک بۆ کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکردووە، کە بڕیارە لە ١١ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە گوێرەی ئەحلام جابری، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران، پرۆسەی تیروپشکی کارمەندانی دەنگدان بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەیە کە لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە بنکەکانی دەنگدان کار دەکەن.
باسی لەوەشکرد،
پاداشتی فەرمانبەرانی بنکەکانی دەنگدان بەپێی جۆری کار و پلەی فەرمانبەرەکە جیاواز
دەبێت، بۆ فەرمانبەری حکومی، رێکخەری بنکەی دەنگدان بڕی ٣٠٠ هەزار دینار
وەردەگرێت، بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان ٢٠٠ هەزار دینار، و فەرمانبەری بنکە یان
وێستگەش ١٥٠ هەزار دینار وە ئەم بڕانە تەنها بۆ یەکێک لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت
یان گشتییە.
هەروەها، بۆ
خوێندکاران و دەرچووان، رێکخەری بنکەی دەنگدان ٤٠٠ هەزار دینارە، بەڕێوەبەری
وێستگەی دەنگدان ٣٠٠ هەزار دینار، و فەرمانبەری بنکە یان وێستگە ٢٥٠ هەزار دینار
وەردەگرن، ئەمەش تەنها بۆ یەکێک لە رۆژانی دەنگدانە.
سەبارەت بە
فەرمانبەرانی یەدەگ کە رێژەیان ٥٪ـی کۆی ژمارەی فەرمانبەران دەبێت، فەرمانبەری
حکومی ٥٠ هەزار دینار وەردەگرێت لەگەڵ سوپاسنامەیەک، و خوێندکار یان دەرچوو بڕی ١٠٠
هەزار دینار وەردەگرێت.
کۆمسیۆن جەختی
لەوەش کردەوە کە کۆکردنەوەی پاداشتی هەردوو رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی رێگەپێدراو
نییە. بەڵام، ئەگەر هەمان کەس ناچار بوو لە هەردوو رۆژەکەدا کار بکات، ئەوا بڕی ١٠٠
هەزار دیناری دیکە وەک قەرەبووی رۆژی دووەم بۆی زیاد دەکرێت.