سەردێڕ:

خۆپیشاندانی خوێندکاران بۆ داواکردنی دەرماڵە بەردەوامە

AM:10:16:28/11/2021

24524 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە قەزای کۆیە خۆپیشاندانی خوێندکاران بۆ داواکردنی دەرماڵە بەردەوامە و خوێندکاران داوا دەکەن دەرماڵەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ خەرج بکرێت.


یەکێک لە خوێندکارەکان بە ئێن ئاڕ تی وت، ئێمە داوای مافێکی سەرەتایی خۆمان دەکەین کە دەرماڵەیە و دوێنێش سەرۆکی حکومەت وەڵامێکی دڵخۆشکەری نەداینەوە تاوەکو خۆپیشاندانەکانمان کۆتایی پێبهێنین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو وەڵامێکی ئەرێنی وەرنەگرین لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەردەوام دەبین. 

لە هەفتەی رابردوودا، ماوەى چەند رۆژێک خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ پێدانى دەرماڵە خۆپیشاندان ئەنجامدا و هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا، بەوهۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون و دواتریش زانکۆکان چەند رۆژێک پشوویان راگەیاند.

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.














گەلەری